رووداو دیجیتاڵ
لە 15ـی ئەم مانگەوە ئەو وادەیەی عێراق داینابوو بۆ دانانی کیوئاڕ کۆد لە لایەن بارهەڵگرەکانەوە، تەواو بووە. لەو کاتەوە ئاستەنگی زیاتر بۆ بارهەڵگرەکان لە بازگەکان دروست بووە.
شوکری جەمیل نووری، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9ـی ئەمڕۆ شەممە 19-4-2025 گوتی: "بابەتی کیوئاڕ کۆد بەردەوام کێشە دوای کێشە بۆ بازرگانان دروست دەکات. تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی نییە".
شوکری جەمیل دەڵێت: "بازرگانان باجی کێشە سیاسییەکان و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دەدەن و سێ رۆژە هیچ بارێک بە بازگەکاندا لە هەرێمی کوردستانەوە نەچووەتە نێو شارەکانی عێراق".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "بڕیاری دانانی کیوئاڕ کۆد و مۆری گومرگی لە وڵاتانی جیهاندا بۆ ترانزێت و بازرگانیی دەرەکییە نەوەک بازرگانیی نێوخۆی نێو یەک وڵات. بۆیە بڕیارەکە ئازادیی بازرگانانی بەرتەرسک کردووەتەوە. وەک ئەوە وایە عێراق مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێک بکات".
نەتەوە یەکگرتووەکان چەند دەزگایەکی بازرگانی هەن، دیارترینیان رێکخراوی بازرگانیی جیهانییە کە ئامانجی ئاسانکاریی بازرگانییە لە وڵاتانی جیهان. سیستمی کیوئاڕ کۆد لە دەروازەکانی نێوان وڵاتان دانراوە بۆ ئەوەی بەئاسانی بزاندرێت بارەکان چییان تێدایە و تێپەڕبوونیان کاتێکی زۆر ناخایەنێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک دەڵێت: "دەبێت عێراق لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە کار بەو کیوئاڕ کۆدە بکات بۆ هەر بارێکی بازرگانی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێت"؛ گوتیشی: "گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کێشەکە بازرگانی نییە، بەڵکو سیاسییە و عێراق بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت، هاوشێوەی بابەتی بودجە و مووچە".
بە گوتەی شوکری جەمیل، "ئەوەی [عێراق] دەیکات بە تەواوی ناوەندییە. جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان سەختە. ئەگەر جێبەجێش بکرێت، بە واتای نەمانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دێت، چونکە بازرگانان ناچار دەکات روو لە شارەکانی خواروو و نێوەڕاست بکەن".
شوکری جەمیل باسی لەوەشکرد، "لە رێگەی راوێژکارێکیەوە کێشەکەمان گەیاندووەتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق".
لە 11ـی ئادارى 2025ـەوە بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە.
ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەی تێپەڕبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ