پێشنیاز دەکرێت مووچەى نیوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە 'بانکە متمانەپێکراوەکان'ـى عێراقەوە بدرێت

29-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن مووچەی فەرمانبەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پێشنیازێک هەیە مووچەى زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەرى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بانکە متمانەپێکراوەکانی عێراقەوە دابەشبکرێت، لەکاتێکدا وەزیرێکى کورد لە بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە، "کێشەى نەناردنى 700 ملیار دینارەکە تەکنیکییە و بەغدا پارەکە دەنێرێت."
 
29ـى تشرینى یەکەمى 2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشنیازێک هەیە کە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە پارەى دیکەى پشکەکەى لە بودجە جیابکرێتەوە و لەرێگەى بانکە باوەڕپێکراوەکانى عێراق و بەهەژمارى بانکى مووچەکانیان بدرێت. ئەو پێشنیازە لەچوارچێوەى کۆبوونەوەى لیژنەکەیان بووە لەگەڵ وەزیرانى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى."
 
نەرمین مەعرووف دەڵێت، "پێشنیازەکە ئەوەیە کە مووچەى زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بخرێتە سەر بەغدا و لە رێگەى بانەکەکانەوە دابەشبکرێت کە لە یاساى بودجەى گشتیى عێراق ئەو ژمارەیە دیاریکراوە."  
 
لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى، ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریکراوە، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان زیاتر لە  یەک ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەر و مووچە خۆرى هەیە.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، ئەو ژمارەیەى لەلاى بەغدایە فەرمانبەرانن و ئەو ژمارەى کە دەمێنێتەوە مووچەخۆرانن کە خانەنشینان و مووچەخۆرانى کۆمەڵایەتین وەک خاوەن پێداویستى تایبەت و کەسوکارى شەهیدان و ئەفالکراوان.
 
لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە بەغدا بە چەند گوژمەیەک سێ تریلیۆن و 298 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە؛ بڕیارە ئەم مانگە و مانگی داهاتووش یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى دیکە بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕە پارەى مانگى تشرینى یەکەم لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە.
 
29ـى تشرینى یەکەم، بەنگین رێکانى، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى عێراق، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرى دارایی عێراق قسەى کردووە و بەڵێنیان وەرگرتووە کە چارەسەر بدۆزنەوە بۆ پرسى نەناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان؛ کێشەکە تەکنیکییە و 700 ملیار دینار رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرێت."  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە