خانەنشینیی پێشمەرگە: داوای چارەسەرکردنی کێشەی بڕینی دەرماڵەی 30 هەزار خانەنشینمان کردووە

21-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چەند مانگێکە دەرماڵەی خێزانیی خانەنشینانی پێشمەرگە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبڕدرێت. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، "داوامان کردووە یان لە هەولێریش ببڕدرێت یان لە سلێمانییش بۆیان ببەسترێتەوە."
 
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی دەرماڵەکەیان بڕدراوە نزیکەی 30 هەزار خانەنشینی پێشمەرگەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تاوەکو ئەمڕۆ کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە."
 
دەرماڵەی خێزانیی پێشمەرگەی خانەنشین بۆ هاوژینەکانیان مانگانە 70 هەزار دینارە و بۆ هەر منداڵێکیش 15 هەزار دینارە.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، بڕینی دەرماڵە لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوانە و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڕدراوە؛ گوتیشی، "نابێت خانەنشین دەرماڵەی هەبێت، بەڵام ناشکرێت لە سلێمانی ببڕدرێت و لە هەولێر بەردەوام بێت."
 
فەتحوڵڵا عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە کێشەی خانەنشینانی سەربازیی چارەسەر بکەن؛ گوتیشی، "ئێمە دەڵێین یان لە هەولێریش دەرماڵەی خێزانی نەمێنێت، یان لە سلێمانیش بۆیان ببەسترێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە