یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 705 هەزار دینارە

21-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بۆ 3395 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژووی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا. یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 705 هەزار دینارە.
 
نیگەرانی لە کاریگەرییەکانی شەڕی بازرگانی لەسەر ئابووریی ئەمریکا و جیهان، بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و ئەوەش خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە و نرخەکانی بەرەو ئاستی نوێی مێژوویی هانداوە.
 
بەتەنیا ئەمڕۆ، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا توانیویەتی ئاستی 2402 دۆلار بپێکێت.
 
ییپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) رایگەیاند، "نرخی زێڕ لەبەر تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان و ناڕوونیی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە."
 
رۆژی دووشەممە حکومەتی چین هۆشداری دایە وڵاتانی جیهان و هاوبەشە بازرگانییەکانی لەسەر حیسابی ئەو وڵاتە، رێککەوتنی بەرفراوانی ئابووریی لەگەڵ ئەمریکا واژۆنەکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکی بۆ چەندین جاری یەک لەدوای یەکە هێرشی تووند دەکاتە سەر جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و هەڕەشەی لەسەر کارلادانی لێدەکات.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرپرسە لە سیاسەتی نەختی ئەمریکا و سەقامگیرکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە. بەپێی شرۆڤەکاران و هەندێ لە ئەندامانی کۆنگرێس، لادانی جیرۆم پاوڵ هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە زۆر ئەستەمە بۆ سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات دەبێتە هۆکار بۆ دەستبەجێ داڕمانی بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان.
 
لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بەپێی سەندیکای زێڕنگەران، نرخەکانی زێڕ بەم شێوازەن:
 
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=805,000
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=740,000
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=705,000
- مسقاڵێک زێڕعەیار 18=605,000

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە