بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی نەختینەی دۆلاری بە زیاتر لە نیوە کەمکردەوە

23-07-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بانکی ناوەندی دینار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژ پێش سزادانی 14 بانکی عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە کە ئاڵوگۆڕی دۆلاری لێ قەدەخەکردن، بانکی ناوەندیی عێراق رۆژێک زیاتر لە 49 ملیۆن دۆلار و رۆژێکیش نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری بە نەختینە فرۆشتبووە بانکەکان، بەڵام دوای سزای ئەو بانکانە، ئەمڕۆ 14 ملیۆن و 540 هەزار دۆلاری بە شێوەی نەختینە فرۆشت. 
 
دوای پشووەکانی هەفتە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23ـی تەمموزی 2023)، بانکی ناوەندیی عێراق 231 ملیۆن و 354 هەزار و 316 دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشت؛ لەو بڕە 14 ملیۆن و 540 هەزار دۆلاری بۆ نەختینە بوو و 216 ملیۆن و 814 هەزار و 316 دۆلاری بۆ حەواڵە بووە.
 
کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێستا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هەمیشە نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق کاریگەری لەسەر بەهای دینار هەیە و ئەویش کەمی فرۆشتووە؛ حەواڵە دەچێتە دەرەوە و نایەتەوە نێو بازاڕەکان، ئەگەر دۆلار بەم شێوەیە کەم بخاتە بازاڕەوە، بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت".
 
هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن، دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە. لەکاتێکدا ئەو بانکانە پێشتر لە بانکی ناوەندیی عێراق پشکیان هەبووە و دۆلاریان بە نرخی فەرمی وەرگرتووە.
 
لەگەڵ سزادانی بانکەکان، فرۆشی نەختینەی دۆلار بە زیاتر لە نیوە کەمیکردووە، چونکە سێشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق 49 ملیۆن و 470 هەزار دۆلاری بە نەختینە فرۆشتبوو؛ چوارشەممە پشووی فەرمی بوو و پێنجشەممەش نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری بە نەختینە فرۆشتبوو.
 
هەر ئەمڕۆ د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی، هۆکاری سەرەکیش بەهۆی لێکەوتەی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردنی 14 بانکی عێراقییە لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە لەلایەن ئەمریکاوە."
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی "بڕیاری بێبەشکردنی ئەو بانکانە ئاماژەیەکە بۆ تووندترکردنی دۆخەکە و رێکارەکان؛ ئەمە شەپۆلێک لە دابەزینی بەهای دینار دروستدەکات، بەڵام کاتییە، چونکە دواتر کڕیاران روو لە بانکەکانی دیکە دەکەن."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی خوسرەوی

گومرگی کرماشان: لە 9 مانگدا 1.4 ملیۆن تۆن کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردە کراوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە 9 مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 704 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە