پەرلەمانتارێک: ناردنی 200 ملیار دینارەکە دەرچوونە لە یاسای بودجەی عێراق

17-06-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن بودجەی 2021
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەیی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو 200 ملیار دینارەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەری رێککەوتوون کە بەغدا بۆ هەریەکە لە شەش مانگی رابردووی بنێرێت دەرچوونە لە چوارچێوەی یاسای بودجە.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەرپرسانی بەغدا هیچ قسەیەکیان لەبارەی ئەو 200 ملیار دینارەوە نەکردووە و هەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستانن لەم بارەیەوە قسە دەکەن. ئەگەر مانگانە 200 ملیار دینار بدەنە هەرێمی کوردستان، ئەوە مانای وایە لە چوارچێوەی یاسای بودجە دەرچوون، چونکە یاسای بودجە دەڵێت دەبێت هەرێمی کوردستان نرخی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی عێراق بکات. نرخی سۆمۆیش نرخێکی جێگیر نییە؛ هەر رۆژەی نرخێکە و زیاد و کەم دەکات."
 
رۆژی چوارشەممە 16-06-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خۆشحاڵم رایبگەیێنم كە گەیشتووینەتە رێککەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه"‌، ئه‌وه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا حيساب دەکرێت.
 
جەمال کۆچەر گوتی: "ئەوەی راستی بێت ئێمە نازانین لەسەر چ بنەمایەک ئەوە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە و ناویان ناوە رێککەوتن. ئێمە نازانین ئاخۆ ئەو رێککەوتنە لەسەر بنەمایەکی یاساییە یان نا! پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هاووڵاتییەکانیانی روونبکەنەوە."
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ پێدانی شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیکردنی داتاکانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتی: "مانگی چوار دوای ئەوەی حکومەتی عێراق تانەی لە یاسای بودجە دا، من بە تەنیا لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی داراییدا دانیشتم، لێم پرسی: 'چۆن پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 1، 2، 3 و 4 یەکلایی دەکەنەوە؟' گوتی: 'ئێمە هیچ رێگەیەکمان نییە کە بڵێین داهاتی ئەو مانگانە رادەست بکەن یان نەوت رادەست بکەن. تەنیا ئەوە دەمێنێت کە پاککردنەوە (مقاصة) بکەین. بەپێی ئەوەی کە دەبوو تۆ چەند بە من بدەیت و منیش چەند بە تۆ بدەم.' گوتم: 'ئەو کاتە مانگانە بەپێی نرخی نەوت چەند بە هەرێمی کوردستان دەدەن؟' گوتی: 'دەبێت بەغدا 213 ملیار بۆ 215 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان.' "
 
د. جەمال کۆچەر پێیوایە کە هەردوو حکومەت، هەرچەندە تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، نەدەبوو بڵێن رێککەوتووین مانگانە 200 ملیار دینار بنێرین. دەبوو بڵێن بۆ ئەو مانگانەی بەر لە پەسندکردنی یاسای بودجە 200 ملیار دینار خەمڵێنراوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.
 
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، کە پێشبینی دەکرێت تێکڕا بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.