رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەى چین لە عێراق راگەیاند دانانى 104% پێناسى گومرگى لەسەر وڵاتان لەلایەن ئەمریکاوە ماف و بەرژەوەندیى وڵاتان پێشێل دەکات و لە دژى بنەماکانى رێکخراوى بازرگانیى جیهانییە و جەنگى بازرگانی و گومرگى براوەى تێدا نییە. "چین ئاژاوە لەگەڵ هیچ لایەک نانێتەوە و لەگەڵ ئەوەش دا؛ لێى ناترسێت."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ـی نیسانى 2025) گوتەبێژێک بەناوى باڵیۆزخانەى چین لە عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى زیادکردنى رێژەى پێناسى گومرگى لەسەر وڵاتەکەى بۆ 104% لەلایەن ئەمریکاوە، بڵاوکردەوە.
ئەو گوتەبێژەى باڵیۆزخانەى چین رایگەیاندووە، سەپاندنى پێناسى گومرگى لەلایەن ئەمریکا بەشێوەیەکى "هەڕەمەکى" ماف و بەرژەوەندیى رەواى وڵاتانى دیکە پێشێل دەکات و، پێچەوانەى بنەماکانى رێکخراوى بازرگانیی جیهانییە، بازرگانیی فرەچەشن پەکدەخات و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی سیستمى ئابووریى جیهان دەبێت.
لە 3ـی نیسانەوە، بە فەرمانى سەرۆکى ئەمریکا، بە رێژەی 104٪ پێناسی گومرگی بەسەر کاڵا و کەلوپەلی چینیدا سەپێنرا، لەکاردانەوەیدا ئەمڕۆ (چوارشەممە) وەزارەتی ئابووریی چین باجی گومرگی بەسەر هەموو کاڵا و کەلوپەلێکی هاوردەی ئەمریکا کردە 84% و، لە 10ـی نیسانەوە جێبەجێ دەکرێت.
گوتەبێژەکەى باڵیۆزخانەى چین لە عێراق دەڵێت، "ئەو هەنگاوەى ئەمریکا، هیچ نییە جگە لە ویستێکى تاکلایەنە بۆ سنووردارکردنى هاوردەى وڵاتان و بێزارکردنى ئابوورى."
بەر لە بڕیارە نوێیەکەى واشنتن، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان ئەمریکا و چین زیاتر لە 350 ملیار دۆلار بووە.
لە راگەیێنراوەکەى باڵیۆزخانەى چین دا هاتووە: جەنگى بازرگانی و گومرگى براوەى تێدا نییە و رێگرى لە هاوردەکردن سوودى نییە، چین ئاژاوە لەگەڵ هیچ لایەک نانێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لێى ناترسێت، چین زمانى هەڕەشە و تەنگپێهەڵچنین و دنەدان قبووڵ ناکات، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت جەنگى گومرگى و بازرگانی بەرپا بکات، بەبێ رەچاوکردنى بەرژەوەندى خۆى و وڵاتانى جیهان بە چینیشەوە، چین تاوەکو کۆتایی شەڕ دەکات".
چین پێشتر 24٪ پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاى هاوردەکراوى ئەمریکا سەپاندبوو، ئەمڕۆش 50٪ـی دیکەی زیادکرد.
راگەیێندراوەکە پێش راگەیێندراوێکی کەمێک پێش ئێستای دۆناڵد ترەمپە کە تێیدا رێژەی باجی گومرگی لەسەر چین زیاتریش کرد و رایگەیاند "لەبەرئەوەی چین رێزی بازاڕی جیهانیی نەگرتووە، پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکە بۆ 125٪ بەرزدەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ