28-03-2021
23:35
پەیامنێری رووداو لە بەغدا: سەرۆکی پەرلەمان گوتی کۆبوونەوە ناکرێت
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باڵەخانەی پەرلەمانی جێهێشت و گوتی، کۆبوونەوە لەبارەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق ناکرێت.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی رانەگەیێندراوە کە کۆبوونەوەکە بۆ کەی دواخراوە، راگەیاندنی پەرلەمانیش هیچی لەسەر ئەوە بڵاونەکردووەتەوە.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئەمشەو بە دڵنیاییەوە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق نادرێت، چونکە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە پەرلەمانتاران پەرلەمانیان جێهێشتووە.
بەشار کیکی، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئامادەی کۆبوونەوەین و هەر کاتێک لە پەرلەمان کۆبوونەوە بکرێت ئێمە ئامادەین و دەنگی لەسەر دەدەین.
23:07
د. بەشیر حەداد: چەند فراکسیۆنێکی شیعی ناڕازین لەسەر بابەتەکانی قەرز و نرخی دۆلار
د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان هۆکار نەبووە بۆ دواخستنی بودجە و کێشە شتی دیکەی چەند لایەنێکی شیعییە و چەند فراکسیۆنێکی شیعی ناڕازین لەسەر بابەتەکانی قەرز و نرخی دۆلار.
د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دۆسێی پشکی هەرێمی کوردستان "داخراوە" و ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت پرسی قەرزەکان و نرخی دۆلارە، سەبارەت بەو فراکسیۆنە شیعیانەش کە ناڕازین لەسەر ئەو پرسانە گوتی، فراکسیۆنەکانی فەتح، دەوڵەتی یاسا، نەهجی وەتەنی و نەسر ناڕازین.
بە گوتەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێژەی پێویستی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی پەرلەمان ئامادەن و بەهۆی ناکۆکیی ئەو لایەنە شیعیانەوە کۆبوونەوەکە دواخراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیانەوێت چارەسەرێکی مامناوەندی بدۆزنەوە بۆئەوەی هەموو لایەنەکان پێی رازیبن. ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پەرلەمانتارانەی لەگەڵ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەن زیاترن و دەتوانن رێژەی یاسایی تەواوبکەن.
د. بەشیر حەداد ئەوەی خستەڕوو، سەبارەت بە قەرزەکان پێشنیارێک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەمان پرۆژەکان و بڕی قەرز کە نزیکەی 5.7 ملیار دۆلارە هەبن، لەجیاتی ئەوەی قەرزی دەرەکی بن، ناوخۆیی بن و لە بانکی ناوەندی وەربگیرێت، بەڵام "وەزیری دارایی دەڵێت ناتوانین ئەوە دابین بکەین.. کۆمپانیا دەرەکییەکانیش بە متمانەی قەرزی ناوخۆ ئەو کارانەمان بۆ ناکەن".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندنەبێت، بەغدا پارەی بۆ نانێرێت، دەشڵێت "هەرچەند بودجە دوابکەوێت بابەتەکە ئاڵۆزتر دەبێت"، ئەو رێککەوتنەش کراوە بە "رێککەوتنێکی باش" ناویبرد.
22:02
د. ڤیان سەبری ئەنجامی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان و سێ وەزیرەکەی حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکات
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەیە. لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و سێ وەزیرەکەی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر نرخی دۆلار و قەرز رێککەوتوون".
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی پێویست بوو کراوە و کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد "فراکسیۆنەکانی شیعە لەنێو خۆیاندا لە کۆبوونەوەدان" و ئەوانیش چاوەڕێی زەنگی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان و سێ وەزیرەکەی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد " لەسەر نرخی دۆلار و قەرز رێککەوتوون".
د. ڤیان سەبری گوتیشی "لە کۆبوونەوەکەدا هاوڕابووین لەسەر مانەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار وەکو ئێستا، واتە یەک دۆلار بەرامبەر بە 1450 دینار، هەروەها هاوڕابووین لەسەر پێویستیی قەرزکردن کە بڕەکەی بە 5 تریلیۆن و 700 ملیار دینارە، بەتایبەت بۆ وەبەرهێنانی وەکو کارەبا و سکەی شەمەندەفەر و هتد".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی ئەو قەرزانە لەناو پرۆژەیاساکەدا بمێننەوە، "ئێستاش چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتایی دەکەین بۆئەوەی دانیشتنەکە بکرێت، پەرلەمانتاران ئامادەن و رێژەی یاسایی تەواوە".
لەبارەی بڕگەی "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو، هەموو بەرکەوتەکانی دەبڕدرێت"، د. ڤیان سەبری گوتی "ئەو بڕگەیە نەماوە لەنێو پرۆژەیاساکەدا و هەڵگیراوە".
پێشتر د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان لەنێو خۆیاندا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە ناکۆکن، بۆیە ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان ناکرێت و بۆ سبەی دووشەممە 29-03-2021 دوادەخرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی، سوننەکانیش داواکارییان لەبارەی ناوچەکانیان هەیە لە پرۆژەیاسای بودجەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-03-2021 دوای زیاتر لە چوار کاژێر لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانیش لەسەر بودجەی 2021ی عێراق رێککەوتن".
زیاتر بخوێنەوە
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی پێویست بوو کراوە و کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد "فراکسیۆنەکانی شیعە لەنێو خۆیاندا لە کۆبوونەوەدان" و ئەوانیش چاوەڕێی زەنگی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان و سێ وەزیرەکەی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد " لەسەر نرخی دۆلار و قەرز رێککەوتوون".
د. ڤیان سەبری گوتیشی "لە کۆبوونەوەکەدا هاوڕابووین لەسەر مانەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار وەکو ئێستا، واتە یەک دۆلار بەرامبەر بە 1450 دینار، هەروەها هاوڕابووین لەسەر پێویستیی قەرزکردن کە بڕەکەی بە 5 تریلیۆن و 700 ملیار دینارە، بەتایبەت بۆ وەبەرهێنانی وەکو کارەبا و سکەی شەمەندەفەر و هتد".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی ئەو قەرزانە لەناو پرۆژەیاساکەدا بمێننەوە، "ئێستاش چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتایی دەکەین بۆئەوەی دانیشتنەکە بکرێت، پەرلەمانتاران ئامادەن و رێژەی یاسایی تەواوە".
لەبارەی بڕگەی "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو، هەموو بەرکەوتەکانی دەبڕدرێت"، د. ڤیان سەبری گوتی "ئەو بڕگەیە نەماوە لەنێو پرۆژەیاساکەدا و هەڵگیراوە".
پێشتر د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان لەنێو خۆیاندا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە ناکۆکن، بۆیە ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان ناکرێت و بۆ سبەی دووشەممە 29-03-2021 دوادەخرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی، سوننەکانیش داواکارییان لەبارەی ناوچەکانیان هەیە لە پرۆژەیاسای بودجەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-03-2021 دوای زیاتر لە چوار کاژێر لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانیش لەسەر بودجەی 2021ی عێراق رێککەوتن".
21:03
ئەحمەد سەفار: پشکی هەرێمی کوردستان 11 بۆ 12 ترلیۆن دینار دەبێت
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا 11 بۆ 12 ترلیۆن دینار دەبێت و گوتیشی "رێککەوتن لەبارەی پرۆژەیاساکەوە کراوە و ئەستەمە جارێکی دیکە دەستکاریی بکرێتەوە."
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاتێک دانوستاندن لەسەر هەر پرسێک دەکرێت، دەبێ نەرمی نواندن هەبێت، ئێمە و ئەوانیش [ شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان] نەرمیمان نواند و گەیشتینە چارەسەر ئەم رێککەوتنە بۆ هەردوولا باشە و دادپەروەری تێدایە، هەم باشووری عێراق لەبەرچاو گیراوە و هەمیش هەرێمی کوردستان."
ئەحمەد سەفار گوتی، دەنگمان بە هەموو گۆڕانکارییەکاندا بە ماددەی 11شەوە، کە لە پێنج بڕگە پێکهاتووە:
یەکەم: باسی هاوتاکردنی بەرکەوتەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا، لە 2003 تاوەکو 2020 بە چاودێری هەردوولا.
دووەم: ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان دەریدەهێنێت، لە 460 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت و هەموو تێچووەکەشی دەبڕن. واتە داهاتی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ رادەست بکرێت، بەسەرپەرشتی هەردوو وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
سێیەم: رادەستکردنی 50%ی داهاتی نانەوتی، بە چاودێری هەردوولا.
چوارەم: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوو، دەبێ بەغدا بودجەی بۆ بنێرێت.
پێنجەم: هەردوولا پابەندن بە جێبەجێکردنی خاڵەکان.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێککەوتنە دەستپێکێکە بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوان هەردوولا [ هەولێر و بەغدا]، لەبارەی بڕگە نوێیەکەی نێو پرۆژە یاساکەش لەدوای رێککەوتنەکە کە زیادکرا، ئەحمەد سەفار گوتی: "کورد بە نیازێکی پاکەوە دەستی بە دانوستاندن کردەوە، ئێمە نیازپاکی خۆمان لە رادەستکردنی ئەوەی کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە نیشاندا، بەڵام گوتمان زیادکردنی ئەو بڕگەیە وەکو سزایەک وایە، ئەگەر نیازی رێککەوتنمان نەبووبا هەر نەدەهاتین بۆ بەغدا، بۆیە لامان برد."
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەموو فراکسیۆنەکان، بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی دارایی، وەزیرانی نەوت، پلاندانان و دارایی و بڕیاردەری لیژنەی دارایی کۆدەبنەوە، ئەحمەد سەفار گوتی:" کۆبوونەوەکەمان لەبارەی قەرز و چاکسازییەکان و دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێت".
بە بڕوای بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو دانیشتن دەکرێت و دەنگ بە بودجە دەدرێت. لەبارەی پشکی پێشمەرگەش گوتی: "پێشمەرگە لەنێو بودجەی هەرێمی کوردستاندا جێگەی کراوەتەوە و جێگیر کراوە، ئەمەش پەیوەندی بە دانوستاندن و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە کە پێشمەرگەیان راستەوخۆ لە رووی داراییەوە خستووەتە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان".
لە وەڵامی ئەوەی کە پشکی هەرێمی کوردستان چۆن و چەند دەبێت لە بودجەدا ئەحمەد سەفار گوتی: "12.67٪ی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە دەکاتە 11 بۆ 12 ترلیۆن دینار".
نزیکەی 20 جار شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەڵێ: "ئەمەی پێیگەیشتووین باشترین چارەسەرە، شیعەکان حیکمە و سائیروون زۆر هاوکارییان کردین و نەرمیان نواند، بەڵام لەنێو پەرلەمانتارە کوردەکانی لیژنەی داراییدا، تەنیا پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی دەنگیان پێیدا، چونکە جەمال کۆچەر ئامادە نەبوو، ئەوانی دیکەش دەنگیان پێی نەدا چونکە بڕوایان وابوو کە پابەند نابن بە رێککەوتنەکە و بە باشیان زانی کە هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان رادەست بکرێت."
ئەحمەد سەفار پێیوایە هێشتا کات ماوە بۆ گۆڕانکاریی لە پرۆژە یاسای بودجەدا، بەڵام "لە لیژنەی دارایی تێپەڕیوە و لە ماوەیەکی کەمدا بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشدەکرێت".
21:00
د. موسەنا ئەمین: ئەگەر لایەنە شیعەکان نەگەنە رێککەوتن، کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان ناکرێت
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان لەنێو خۆیاندا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە ناکۆکن، بۆیە ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا کۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان ناکرێت و بۆ سبەی دووشەممە 29-03-2021 دوادەخرێت.
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان لەنێو خۆیاندا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، هاوکات سوننەکانیش داواکارییان لەبارەی ناوچەکانیان هەیە لە پرۆژەیاسای بودجەدا، بۆیە ئەگەر لایەنە شیعەکان لەنێو خۆیاندا نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەمشەو ناکرێت و بۆ سبەی دووشەممە دوادەخرێت.
هاوکات ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێکهاتەی شیعە لەسەر میکانیزمی قەرزی نوێ رێکنەکەوتوون و کێشە لەنێویاندا هەبوو، تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە بەردەوامە، ئێستا لە کۆبوونەوەدان لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزیری نەوت، زۆربەی ئەو قەرزانەش پەیوەستن بە کارەبا و لەسەر ئەمە کێشەیان هەبوو.
20:20
هەرێم کەمال ئاغا: لەبارەی بودجە کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەماوە
هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق
هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی هەیە لەبارەی ماددەی 11 سەبارەت بە بودجە رێککەوتنی لەسەر کراوە و ئێستا هیچ کێشەیەک لەبارەی بودجە لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا نەماوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات "هەموو لایەنە سیاسییەکان و شەقامیش لەسەر ئەوە سوورن کە ئەمشەو دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بدرێت."
زیاتر بخوێنەوە
20:15
ئەندامێکی لیژنەی دارایی: نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی رۆڵی گەورەیان لە رێککەوتن لەسەر بودجە هەبووە
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بودجە کۆبوونەوە و لەسەر پشکی هەرێمی کوردستانیش رێککەوتن، ئەندامێکی لیژنەکەش رایگەیاند، گوشار هەبوو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی دانوستاندنکار بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، رۆڵێکی گەورەیان هەبوو.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند "پێکهاتەی شیعە لەسەر میکانیزمی قەرزی نوێ رێکنەکەوتن و کێشە لەنێویاندا هەبوو، تاوەکو ئێستاش ئەو کێشە بەردەوامە، ئێستا لە کۆبوونەوەدان لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان وەکو وەزیری نەوت، زۆربەی ئەو قەرزانە پەیوەستن بە کارەبا و لەسەر ئەو هۆکارە کێشەیان هەبوو".
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی "شەوی رابردوو دەقێک هەبوو لەڕووی پرەنسیپەوە لەسەری رازی بووین، بەڵام ئەمڕۆ دەنگمان لەسەردا، خواستی ئەوەمان هەبوو هەندێک بابەتی دیکەی بۆ زیادبکەین، بەڵام رەنگە نەتوانیت هەموو شتێک کە دەخوازیت بەدەستی بهێنیت".
ئیخلاس دلێمی ئاماژەی بەوەش کرد "لە 28-12-2020 بودجە گەیشتووەتە پەرلەمان، بە راشکاوانە شاندی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی گەورەی داوە، لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان و سەرۆک فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەوڵەکان بەردەوام بوون، گوشار هەبوو لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی گەورەیان هەبوو، شاندی دانوستاندنکار بە سەرۆکایەتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی رۆڵێکی گەورەیان هەبوو، ئەمڕۆ گەیشتینە رێککەوتن و لەنێو لیژنەی دارایی دەنگمان دا".
بە گوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کێشە لەسەر دامەزراندنی حەشد هەبووە، 30 هەزار پلەی وەزیفی بۆ حەشد زیادکرا و لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر داوە.
19:08
حەلبووسی و ژمارەیەک وەزیر لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان لە کۆبوونەوەدان
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەگەڵ د. ئەحمەد سەفار،بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی دارایی و بڕیاردەری لیژنە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان لە کۆبوونەوەدان.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی دارایی و بڕیاردەری لیژنە، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان لە کۆبوونەوەدایە کە وەزیرانی نەوت و دارایی و پلادانانیش تێیدا بەشدارن."
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی روونکردنەوە و گفتوگۆکردنە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە، تاوەکو سەرۆک فراکسیۆنەکان بەشداری کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بکەن.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان و پرۆژەیاسای بودجە داوە، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەحمەد سەفار لەبارەی کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی و دەنگدانی پەرلەمانتارانی کورد دەڵێت، "پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی دەنگیان بە رێککەوتنەکە داوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراق دەڵێت "هەرێمی کوردستان 11 بۆ 12 تریلیۆن دیناری بەردەکەوێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67٪ی بودجەی عێراق دەبێت."
19:03
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە چوار کاژێر، کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات. بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانیش لەسەر بودجەی 2021ی عێراق رێککەوتن."
کاژێر 19:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28-03-2021 کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی دەکرد کۆتاییهات.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق قسە کردووە و بە رووداوی راگەیاند "رێککەوتن کراوە و دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ی عێراق دراوە."
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، ئەوەی زۆر گرنگە و رێککەوتنی لەسەر کراوە، ماددەی 11یە کە تایبەتە بە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنەکەش بەمجۆرەیە کە "460 هەزار بەرمیل نەوتەکە دوای ئەوەی پێداویستی ناوخۆی لێدەردەکرێت داهاتەکەی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، پێشتر لە ماددەی 11 بڕگەیەکی بۆ زیادکرابوو کە تێیدا هەرێمی کوردستان پابەندکرابوو بە رادەستکردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا "ئەو بڕگەیە وەکخۆی مایەوە و دەنگی لەسەر دراوە و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی دەنگیان پێداوە. پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 جێگیرکرا و ئەوەی ئێستا ماوەتەوە دەبێت کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدرێت."
بەگوتەی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنەکانی دیکەی شیعە و سوننە پێشنیازەکانیان لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە.
دوای زیاتر لە چوار کاژێر لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بودجە واژۆکراو. هەڵکەوت عەزیز ئاماژە بەوەش دەدات، "دەبێت لەمەودوا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کە 12.67% بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
زیاتر بخوێنەوە