پەیامنێری رووداو لە بەغدا: ماددەی 11 لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسندکرا

پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە لە کۆبوونەوەدایە و پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ماددەکانی 1 تاوەکو 18 لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسندکراون، ماددەی 11 تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکە

31-03-2021

21:13

ئەحمەد سەفار: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بێ لێبڕین مووچە دابەشبکات

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق کەمتر دەبێت لە 10 ترلیۆن دینار، بەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکات.
 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات بەهۆی ئەوەی بودجە لە سەرەتای ساڵەوە ئەژمار دەکرێت دوای پەسەندکردنی تەواوی پرۆژەیاسای بودجە حکومەتی فیدراڵی دوای لێدەرکردنەکان دەبێت بودجەی ئەو سێ مانگەی کە رۆشتووە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.
 
بەگوتەی ئەحمەد سەفار، پەسندکردنی ماددەی 11 دانپێدانانە بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت ئەوە کارێکی زۆر گرنگ بوو و لەمەوبەدوا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێوەی فەرمی نەوتی خۆی بفرۆشێت و مەترسییەکانی سەر کەرتی نەوتیی هەرێمی کوردستانی لابرد.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:13

د. بەشیر حەداد: بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان 12.67%ـە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان دەکات بۆ پەسندکردنی ماددەی 11ـی پرۆژەیاساکە و دەستخۆشیی لە ئەندامانی پەرلەمان بەتایبەتی پەرلەمانتارانی کورد دەکات.
 
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "چەندینجار پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دواکەوت بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ توانیمان دانیشتنەکە بکرێ و ماددەی 11ـەش بەکۆی دەنگ تێپەڕێندرا. بەڵام ئەوەی ماوە دەنگدانە بەکۆی پرۆژەیاساکە و لەوانەیە ئەمشەو دەنگی پێبدرێت".
 
بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بەگوتەی بەشیر حەداد لە یاساکەدا "12.67%ـە کە لەنێوان 9 بۆ 10 ترلیۆن دینارە. کە رەنگە لە مانگێکی دیکەوە تاوەکو ئەوکاتەی رێکارەکانی دەردەچێت دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت".
زیاتر بخوێنەوە

17:34

پەیامنێری رووداو لە بەغدا: ماددەی 11 لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسندکرا

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە لە کۆبوونەوەدایە و پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ماددەکانی 1 تاوەکو 18 لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسندکراون، ماددەی 11 تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکە.
 
هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کورتهێنان، خەرجییەکان بۆ 130 ترلیۆن دینار کەمکرایەوە، پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجە بۆ 9 ترلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکراوەتەوە.

لە کۆی 58 ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، تاوەکو ئێستا 18 ماددەیان پەسندکراون، یەکێک لەو ماددانەی کە کێشەی لەسەر بوو ماددەی 11 بوو، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق، پەسندکراوە.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و دەستخۆشی لە هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەگشتی و پەرلەمانتارە کوردەکان بەتایبەتی دەکەم.. ماددەی 11 بە کۆی دەنگ پەسندکراوە، بەڵام دەنگدان بە کۆی گشتیی پرۆژەیاساکە ماوە و پێدەچێت ئەمشەو دەنگی لەسەر بدرێت".

سەبارەت بەوەی کە کەی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پێدەچێت دوای مانگێکی دیکە بێت و پاش دەرچوونی رێنوێنییەکان دەبێت.

دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بە بەشداریی 215 پەرلەمانتار دەستیپێکردووە و بەردەوامە، لە دانیشتنەکەشدا دەوڵەتی یاسا بەشداریی نەکردووە.
 
بەشێک لە فراکسیۆنەکان، لەنێویاندا فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی و بەشێکی فراکسیۆنی فەتح ناڕازین.

دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دێت، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە، ناوی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو و نەهاتوو بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە، دوای چەندین جار لە دواخستنی دێت، کە بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە کۆبوونەوەکە نەکرابوو.
 
 
دوێنێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق گوتی "چاوەڕوانین پەلەبکرێت لە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی، چونکە بڕگەکانی چارەن بۆ پێداویستییەکانی چینی زۆر هەژار، هەروەها پاڵپشتیی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکات، کە پەیوەندیدارن بە ژیانی هاووڵاتییان، دەبێت هەموو وەزارەتەکان بە هەموو توانایەکیان کار بۆ پاڵپشتیکردنی وەزارەتی بازرگانی بکەن بۆ دابەشکردنی ماددەکانی بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتییان".
 
رۆژی یەکشەممە 28-03-2021 دوای زیاتر لە چوار کاژێر لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانیش لەسەر بودجەی 2021ی عێراق رێککەوتن"، بەڵام دواتر کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکە نەکرا و دواخرا.
 
زیاتر بخوێنەوە