رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر بۆ تەواوکردنی ئەو وتووێژانەیە کە لە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کراون. وەزیری نەوتیش دەڵێت، "رژدین لەسەر دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگەکان"ـی هەرێمی کوردستان.
بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە 12-11-2023) وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی سەردانەکەی شاندێکی وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ژمارەیەک بریکار و راوێژکاری وەزارەتەکە بۆ شاری هەولێر و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە کە وەزیری نەوتی عێراقیشە گەیشتە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی تەواوکردنی وتوێژەکانی بەغدایە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە".
وەزارەتی نەوت دەڵێت، "وەزیری نەوت ئاماژەی بۆ بایەخی زیادکردنی داهاتە داراییەکان لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا کردووە و ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە؛ حکومەتی عێراق رژدە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمەهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە."
وەزارەتەکە دەڵێت، وەزیری نەوت و شاندەکەی لە سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، بریکارەکانی وەزیر بۆ کاروباری دەرهێنان و دابەشکردن و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمپانیا و فەرمانگەکانی وەزارەت هاوڕێیەتی وەزیر دەکەن.
بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوت گەیشتنە هەولێر کە بڕیارە دوو بۆ سێ رۆژ بمێننەوە و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ