رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار بەرپرسانی وەزارەتی نەوتیی حکومەتی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8-11-2023) لە دوبەی کراوە و تێیدا نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە نوێنەرانی ئەپیکور و بەرپرسانی حکومەتی عێراق جەختیان لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بەپێی رێککەوتنی هاوبەشی بازرگانی کە جێی رەزامەندیی هەردوولا بێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە. مایلس کاگینس، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی سەرەتایی بوو". دەشڵێت، ''پێشبینی دەکەین لە داهاتوودا لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆببینەوە".
هەرچەندە لە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت مانگ، هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 28-8-2023، ئاڵپ ئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، ئامانجیانە لە کورتترین ماوەدا هێڵی نەوتی عێراق - تورکیا کارا بکەنەوە. راشیگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی کارە تەکنیکییەکانی پشکنین، بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان دووبارە دەکەوێتەوە کار.
لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، تورکیا و عێراق چەند جارێک دانوستاندنیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ