رووداو دیجیتاڵ
حەوت مانگ تێپەڕیوە و هێشتا کۆت و بەندی حکومەتی عێراق بۆ گەیاندنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق لانەبراوە.
بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، رێگە بۆ هەناردەی بەرهەمی بەشێکی کارگەکان کراوەتەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێریش دەڵێت: "تەنیا رێگە بەوانە دەدرێت بە مەرجەکەی بەغدا رازیبوون".
سەرەتای مانگی هەشتی پار، حکومەتی عێراق دەستی بە رێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست کرد. ئێستا ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، رێگە بە بەشێکی بەرهەمی کارگەکان دەدرێت کە مۆڵەتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانیان هەیە، بەڵام ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، رێگە بەو کارگانە نادرێت مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەرپرسانی بازرگانیی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی ئەنجامدا. دواجار بڕیارێک درا بۆ هەناردەکردنی بەشێکی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا رێگری لە بەشێکیان بەردەوامە".
ئارام بابان دەڵێت، ئەوانەی ئێستا رێگەیان دەدرێت، بەرهەمی ئەو کارگانەن کە مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازییان لە هەرێمی کوردستان هەیە و نیوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
لەبارەی نیوەی بەرهەمەکانی دیکەوە، ئارام بابان گوتی: "ئەو کارگانەی مۆڵەتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانیان هەیە تاوەکو ئەمڕۆ رێگەی هەناردەی بەرهەمیان نادرێت، کە نیوەی بەرهەمی کارگەکان لای ئەو کارگانەیە و زۆرترین هەلی کاریش ئەوان رەخساندوویانە".
ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "بەغدا داوای کردووە، لە هەرێمی کوردستان (یەکێتی پیشەوەران) هاوشێوەی عێراق هەبێت و مۆڵەتی کارگەکان لەوێوە بدرێت، نەوەک ژووری بازرگانی".
هەر ئەمڕۆ شەممە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا عێراق داوای دەکرد کارگەکان مۆڵەتی حکومەتی عێراق دەربهێنن بۆ ئەوەی رێگەپێدان بە بەرهەمەکانیان بدەن، ئێستاش هەمان داوایان هەیە و گۆڕانکاری رووینەداوە".
بە گوتەی گەیلان حاجی سەعید، ئێستا رێگە بە بەرهەمی ئەو کارگانەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە بە مەرجەکانی بەغدا رازی بوون و لەوێ مۆڵەتیان دەرهێناوە و کۆدیان وەرگرتووە. گوتیشی: "نەمبیستووە هیچ کارگەیەک بە مۆڵەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان رێگە بە هەناردەی بەرهەمەکەی درابێت بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
زیاتر لە حەوت مانگ لەمەوبەر، حکومەتی عێراق داوایکرد، هەموو کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەڵگە و دۆکیومێنتەکانیان ببەنە بەغدا و لەوێ پشتڕاستی بکەن و بیسەلمێنن کە خاوەنی کارگەکەن. پاساوەکە ئەوەیە دەیانەوێت بزانن کام بەرهەم بەرهەمی راستەقینەی هەرێمی کوردستانە و کام هاوردەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر داوای حکومەتی عێراق دەرنەبڕیوە و پێیوایە "بۆ بێبەهاکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر کارگەکان لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن، کەواتە کاروباری وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتییە هاوشێوەکانی لە هەرێمی کوردستان بێ کاریگەر دەبن".
ئارام بابان لە ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت: "ئێستا بۆ بازرگانانی عێراقیش بردنی بەرهەمی تورکی و ئێرانی ئاسانترە لە بەرهەمی هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر داخستنی کارگەکانی هەرێمی کوردستان".
هەروەها گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر گوتی: "رێگرییەکان خاوەن کارگەکانی نیگەران کردووە و گومانی تێدا نییە، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی کارگەکان دەبێت و هۆکاریش دەبێ بۆ داخستنی کارگەکان".
بەگوێرەی ئاماری ژوورە بازرگانییەکان بۆ رووداو، سێ هەزار و 521 کارگەی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن و بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بوون: پارێزگای هەولێر 1897 کارگە، پارێزگای سلێمانی 1135 کارگە و لە دهۆکیش 489 کارگە تۆمار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ