سەرۆکی ناوەندێکی وزە لە تورکیا: عێراق لەژێر گوشاری ئێراندا ناهێڵێت نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت

08-11-2023
شیراز رەئوف
ئۆگوزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژیی وزەی تورکیا
ئۆگوزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژیی وزەی تورکیا
نیشانەکردن هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژیی وزەی تورکیا دەڵێت، تورکیا ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام گرفتەکە لە بەغدایە و دەسەڵاتدارانی عێراق لەژێر گوشاری ئێراندا نایانەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بگوازرێتەوە و دەیانەوێت بە تانکەر ببرێتە وێستگەکانی ئێران.
 
ئۆگوزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژیی وزەی تورکیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەندە بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەڵوێستی دژبەیەک هەن و هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ چارەسەری گرفتەکە، گرفتی سیاسیی کاریگەریی هەیە بەسەر بڕیارە یاساییەکانەوە، تاوەکو ئێستا عێراق هەڵوێستێکی راشکاوی نەبووە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەنا تورکیا ئامادەیە."
 
ئۆگوزهان ئاکیەنەر گوتی، "ئەگەر تورکیا نەیویستایە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت ئەوا بۆ ماوەی چەندین ساڵ رێگەی نەدەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە تورکیا لەگەڵ ئەوەیە دۆخی ناوچەکە سەقامگیر بێت و نەوت بڕوات تاوەکو گرووپە تیرۆریستییەکان سوودی خراپی لێ وەرنەگرن."
 
بەگوتەی ئاکیەنەر ئێستا لەمپەرەکانی بەردەم هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە عێراقن و دەڵێت، "هەندێک لە گرووپەکانی ناو دەسەڵاتی عێراق دژی ئەوەن هەرێمی کوردستان نەوت هەناردە بکات، ئەویش لەژێر گوشاری ئێراندان."
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. 
 
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.
 
"ئێران و پەکەکە دژن"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژیی وزەی تورکیا باسی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کرد و بە گوتەی ئەو چەندین سوودی بۆ خودی عێراقیش هەبوو، چونکە جگە لە نەوتی کوردستان لە چەند لایەکی دیکەشەوە نەوت هەناردەی تورکیا دەکرا لەو هێڵەوە کە رەنگە ئەگەر ئێستا عێراق بیەوێت ئەو نەوتە بفرۆشێت تووشی کێشە و گرفت ببێت، بەڵام هەر چۆنێک بێت پێویستە حکومەتی ناوەندی عێراق بەشێوەیەکی ناوەندییانە بیربکاتەوە و هەوڵ بدات ئەم بازرگانییە بەردەوام بێت.
 
بە گوتەی ئاکیەنەر، "پارتی کرێکارانی کوردستان پێی ناخۆشە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت، چونکە هەناردەی نەوت واتا داهاتی زیاتر و داهاتی زیاتریش واتە ئاوەدانی و پرۆژە و دەرفەتی کاری زیاتر، وڵاتانی خاوەنی نەوت ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانییان هەیە. لە هەرشوێنێکیش خۆشگوزەرانی و سەقامگیری هەبێت رێکخراوە تیرۆریستییەکان جێگەیان نابێتەوە لەو شوێنە."
 
لەبارەی هەڵوێستی ئێرانیشەوە، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەت و ستراتیژیی وزەی تورکیا، دەڵێت، بەرژەوەندیی ئێران ئەوەیە، کە نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری و لە رێگەی تورکیاوە نەچێتە دەرەوە، بەڵکو ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵدایە نەوتی هەرێمی کوردستان بە تانکەر بگەیەنێتە پاڵاوگە و وێستگەکانی خۆی، هەولێر وەبەرهێنانێکی بەرفراوانی کردووە و تورکیاش بەردەوام بایەخ بەو وەبەرهێنانە دەدات، بەڵام ئێران دەیەوێت تەنیا نەوتەکەی دەستبکەوێت نەک ناوچەکە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت."
 
"هێڵی بانیاس پیلانگێڕییە"
 
دەمێکە باس لە جێگرەوەی بۆریی نەوتی کوردستان - تورکیا دەکرێت، لەوانەش هێڵی عێراق - بانیاس، کە بۆرییەکی نەوتە و ساڵانێکە لەکارکەوتووە. 
 
ئۆگوزهان ئاکیەنەر دۆزینەوەی شوێنگرەوەی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەلایەن عێراقەوە بە "پیلانگێڕی و زیان دەزانێت" و دەڵێت، "عێراق رۆژانە نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، هێڵێکی زۆر بچووک هەیە لە بەسرەوە بۆ کەرکووک و بۆ ئوردن، رووکردنە ئەو هێڵە بۆ هەناردەکردنی نەوت گرفتێکی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات، عێراق دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە تاکە رێگەی بێ کێشە بۆ نەوتەکەی بەندەری جەیهانە، ئەگەر بیانەوێت نەوت لە ئوردنەوە هەناردە بکەن لە بری جەیهان، بۆ کوێی دەنێرن، دۆخی لوبنان ناجێگیرە، دۆخی ئیسرائیل ناجێگیرە، سووریا بە هەمانشێوە ناسەقامگیرە ئیدی نەوت لەکوێوە دەگەیەننە دەریای ناوەڕاست. کێ دەتوانێت بڕیاری وا بدات نەوت بنێرێتە سووریایەک کە هەموو گیانی شەڕ و کێشەیە، خۆ ئەگەر نەوتی بەسرە رەوانەی کەرکووک بکرێت و لە کەرکووکەوە ببرێتە سووریا و لەوێوە بگاتە دەریای ناوەڕاست ئەوا گواستنەوەکەی چەندین ملیار دۆلاری پێویستە ئەوە جگە لە مەترسی و کێشەکانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.