جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN: بە عێراقمان گوتووە وەک کۆمپانیاکانی لای خۆتان 35-45 دۆلاریش بدەنە ئێمە

04-10-2023
رۆژ عەلی زاڵە
رۆژ عەلی زاڵە @RojZalla
رۆژ عەلی زاڵە و ماتیو زەیس
رۆژ عەلی زاڵە و ماتیو زەیس
نیشانەکردن هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN، کە ماوەیەک جێگری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دۆخەی ئێستا بەهۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دروستبووە "دۆخی دۆڕان - دۆڕانە بۆ هەموو لایەک" بە هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا و کۆمپانیاکانیشەوە. دەشڵێت، "دەبێت چارەسەرێکی بردنەوە - بردنەوە بدۆزرێتەوە" بۆ هەموو لایەک "ئێمە هەموومان پێکەوە مانگانە یەک ملیار دۆلار زیانمان بەردەکەوێت. تائێستا پێنج ملیار دۆلارمان لەدەستچووە. ئەوە ئەگەر تەماشای بکەیت، لەو بڕە پارەیەی کە دادگەی نێوەندگیری دایناوە، زۆرترە".
 
ماتیو زەیس لەماوەی نێوان 2017- 2019 بەرپرسی دۆسیەی عێراق و کورد لە کۆشکی سپی و، جێگری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا بووە لە ماوەی نێوان 2019- 2020، ئێستاش جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKNی ئەمریکییە کە لە بواری وزەدا کار دەکات.
 
رووداو رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023، لە هەولێر هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN سازکرد و تێیدا گەشبینیی خۆی نیشان دەدات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتەوە و دەڵێت، "سەرئەنجام واقیعی ئابووری زاڵ دەبێت و پێموایە کاتێک کە بۆڕییەکان دەکرێنەوە، هەست بەوە دەکرێت کە دەبێت چارەسەرێکی بازرگانی بدۆزرێتەوە". لە هەمان کاتدا دەڵێت، ئەوان ئامادە نین بە 6 دۆلار بۆ بەرمیلێک دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە لە رێگەی بۆریی نەوتەوە "بەهیچ شێوەیەک". 
 
ماتیو زەیس دەڵێت، "کۆمپانیا بیانییەکانی عێراق، کە هەمان گرێبەستی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەیان هەیە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت، ئەو گرێبەستانەی ئەوان لەوێ هەیانە زۆر هاوشێوەی ئەو گرێبەستانەیە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمانن، بەڵام ئەوان لەوێ هەموو چوار مانگ جارێک لیستی خەرجییەکانیان دەنێرن بۆ وەزارەتی نەوت و، خەرجیی تەواوی خۆیان بۆ بەرهەمهێنانەکەیان وەردەگرنەوە. ئەو بڕەی ئەوان وەریدەگرن لەنێوان 30 بۆ 45 دۆلارە. لەبەرئەوە ئەوەی ئێمە بە حکومەتی عێراقیمان گوتووە ئەوەیە کە بۆچی لەگەڵ ئێمەش بە یەکسانی مامەڵە ناکەن، هەر وەک ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی خۆتان دەیکەن"، ئەوەشیان بە پشتیوانیی ئەمریکا بە حکومەتی عێراق گوتووە. 
 
کۆمپانیای HKN هەروەک ماتیو زەیس دەڵێت، گەورەترین کۆمپانیای ئەمریکییە لە عێراق و، کۆمپانیاکەیان لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی گەورەترین وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە بە بڕی پێنج ملیار دۆلار، بەڵام ئێستا 50%ی کارمەندەکانیان ناردوونەتەوە ماڵ کە "رێژەی کارمەندەکانی ئێمە لە 76٪یان خەڵکی ناوخۆ و کوردی عێراق بوون".
 
ماتیو زەیس روونیدەکاتەوە، کۆمپانیای ئەوان و کۆمپانیا بیانییەکانی دیکەی نەوت "کاتێک کە بڕیارماندا لێرە لە هەرێمی کورستانی عێراق وەبەرهێنان و بزنس بکەین، ئەو بڕیارەمان پاش شرۆڤەیەکی زۆر ورد و دوورودرێژی دۆخی یاسایی بوو". 
 
هەروەها باس لەوەش دەکات، دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت دەرگای پێشکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە "ئەو پێشکەوتنانەی لە هەرێمی کوردستان دەیانبینین، بەبێ وەبەرهێنانی کەرتی نەوت و گاز رووینەدەدا".
 
ئێستاش بەهۆی زۆربوونی هەڵاوسان لەبەر دۆخی ئاڵۆزی وزە لە جیهاندا، بە بڕوای ماتیو زەیس "کوردستان بووەتە یاریزانێکی گرنگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماتیۆ زەیس:
 
رووداو: زۆر سوپاس کە لە گەڵمانی، با یەکسەر بەوە دەستپێبکەم هەندێک پێشهاتی نوێ هەن ئاماژەن بەوەی بەم زووانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕییەکانەوە دەستپێدەکاتەوە. ئایا ئێوە بەشدارن لەم هەوڵانەدا؟
 
ماتیو زەیس: سوپاس.. بەڵێ سوپاس بۆ میوانداریکردنم لە رووداو. بەڵێ ئێمە بەتەواوی بەشدار بووین. قسەمان کردووە لەسەر وەستانی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و باسمان لەوە کردووە کە چۆن دەتوانین دەست بە بەرهەمهێنان بکەینەوە. واتە بەرهەمهێنان بە تەواوی توانا و دەست بە هەناردەکردن بکەینەوە. لەگەڵ هەموو حکومەتەکان ئەمەمان باسکردووە، لە نێوانیشیاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عیراق، حکومەتی تورکیا و حکومەتی ئەمریکا.
 
رووداو: باشە، ئەی هەوڵەکان گەیشتوونەتە کوێ؟
 
ماتیو زەیس: بەبڕوای من، خۆشبەختانە تورکیا رایگەیاندووە چارەسەری ئەو کێشانەی کە هەبوون دۆزراونەتەوە و هەردوولا دەستیان بە دانوستاندنە تەکنیکییەکان کردووە کە چۆن بۆڕییەکان بکرێنەوە. ئێمە بەردەوام گوتوومانە کێشەکان لە وردەکارییەکاندا سەرهەڵدەدەنەوە، ئینجا چۆن ئەو وردەکارییانە چارەسەردەکرێن و ئەوە لە چ کاتێکدا دەبێت، بۆ ئەوە دەبێ چاوەڕوانی کردنەوەی بۆڕییەکە بین.
 
رووداو: هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسانە چۆنە، ئەوان هاوئاهەنگن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان؟ بەم دواییانە سوودانی لە ئەمریکا بوو، تۆ بۆخۆت لە ئەمریکا بووی، ئەوەندەی کە ئاگاداری، گفتوگۆکان لەوێ چۆن بەڕێوەچوون؟
 
ماتیو زەیس: بەڵێ، شاندی عێراق بە سەرۆکوەزیرانیشەوە لە نیویۆرک بوون بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێمەش لە نیویۆرک بووین و زۆر کۆبوونەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کران. پێموایە سوودانی بە ئاشکرا و بە نهێنیش چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی گوێی لێبووە کە تاوەکو چەند گەرەنتیکردنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی ئابووری لەنێوان حکومەتەکەی و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە. هەروەها بایەخی کردنەوەی بۆڕیی نەوتی عێراق- تورکیا. چەندین جار ئەم داوایەی لێکراوە. ئەو بە ئاشکرا باسی ئەوەی کردووە کە پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت. ئێستاش بەڕای من پرسەکە پەیوەستە بە بەغدا و ئەنقەرەوە کە چۆن دەتوانن ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە چارەسەربکەن، بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
 
رووداو: کاربەدەستانی ئەمریکا بە بایەخەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەدەن، یان خۆیان تاڕادەیەک دوور دەگرن و چاوەڕێ دەکەن کە کورد و عێراقییەکان خۆیان کێشەکان چارەسەر بکەن؟
 
ماتیو زەیس: بەڵێ، بەڕای من ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پشت پەردەوە زۆر شت دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان وەک تورکیا و عێراق کاربکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت. بەتایبەتی سەبارەت عێراق، بەبڕوای من حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە چڕی لە پەیوەندیدایە لەبەر ئەو ناجێگیریی ئابووری و سیاسییە کە لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە سەریان هەڵداوە، هەروەها بابەتی بودجەش، بە بڕوای من و بەپێی دانیشتنەکانی ئێمە لەگەل حکومەتی ئەمریکا، چارەسەری ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییە بەلای ئەمریکاوە گرنگە. لەڕووی بازاڕی نەوتیشەوە، حکومەتی ئەمریکا زۆر نیگەرانە، بەتایبەتی چونکە نرخی نەوت بە نزیکەی 90 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا ئەم هەفتەیە. هەندێ کەسیش پێشبینی دەکەن کە نرخی نەوت بەرزببێتەوە بۆ 100 دۆلار. ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت. نیگەرانی سەریهەڵداوە لە ئەمریکا لەسەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. لێرەدا و لەوکاتەدایە کە کوردستان بووەتە یاریزانێکی گرنگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت.
 
رووداو: کاربەدەستانی حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ ئێوەش، واتە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانیەکانی ئێرەدا، لە گفتوگۆدان؟ چی دەڵێن؟
 
ماتیو زەیس: بەڵێ ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا هەیە. دەزانن کە ئێمە و دوو کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی لێرە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەین و، پێکەوە بە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان لە کەرتی نەوت و گازدا کردووە. لەبەرئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش، بەرژەوەندیی بازرگانیی گرنگی لە پرسەکەدا هەیە. 
 
رووداو: پێنج ملیاردۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئێستاش وەستانی ئەم نەوتە لێرە، پرسیارەکە ئەوەیە: پێتوایە ئەمریکییەکان بەپێی پێویست گوشار دەکەن بۆ ئەوەی لایەنەکانی ئێرە کێشەکە چارەسەر بکەن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە؟
 
ماتیو زەیس: پێموایە وەڵامی ئەو پرسیارە لە دەرەنجامەکاندا دیارە. زیاتر لە پێنج مانگ تێپەڕیوە و بۆڕییەکانی نەوت هێشتا نەکراونەتەوە، لەبەرئەوە پێموایە دروستە بڵێم هەموو لایەک دەیانتوانی زیاتر لەوەی ئێستا بکەن. رەنگە شتێک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێ بیکات ئەوەبێت کە نێوەندگیرییەک رێکبخات لەنێوان هەموو لایەنەکان و کەسەکان، کە رووبەڕوو دانیشن و بگەنە رێککەوتنێکی روون لەسەر کات و خشتەی چارەسەرکردن و چارەسەری بە کردار. لەسەر ئەوەی کە چۆن و کەی بۆڕییەکان جارێکی دیکە بکرێنەوە. پێموایە هەموو لایەک رێز لە رۆڵی ئەمریکا دەگرن، بەڵام پێموایە وەکو هەمیشە، دەکرێت هەوڵەکان زیاتر بکرێن. لە دۆخێکی بازرگانی لەم شێوەیەدا کە بۆڕییەکان داخراون و هەموو لایەک تێیدا زیانمەندن، هەموو کات چارەسەرێک هەیە کە بتوانێت کێشەکان تێپەڕێنێت. روون نییە ئەو چارەسەرە دەدۆزنەوە یان نا، بەڵام ئەوەی کە روونە ئەوەیە هەردوولا داواکاریان هەیە. حکومەتی عێراق دەیەوێت قەرەبووی نێوەندگیرییەکە وەربگرێت و، تورکیاش دەیەوێت شتێک وەربگرێت، چونکە ئەوانیش بەپێی حیساباتی خۆیان و ئەو بڕە سووەی کە لە نێوەندگیریەکەدا حیسابکراوە، تورکیاش پێیوایە دەبێت پارە وەربگرێت. لەبەرئەوە ئێستا گفتوگۆیەک دروستبووە لەسەر نێوەندگیریەکە و لەسەر ئەوەی کە کێ قەرزاری کێیە. پێموایە شتێکی دیکەش ئەوەیە کە بەغدا، بە نادروستی، پێیوایە نێوەندگیریەکە لەسەر هەموو کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە کەرتی نەوت و گازە، بەڵام بۆ خۆی لە راستیدا، ئەو بڕیارە تەنیا بۆ یەکێک لەو پێنج سکاڵایە بوو کە عێراق گەیاندبوویە دادگاکە، ئەو سکاڵایە ئەوەبوو کە لەسەر سۆمۆ و رەزامەندی سۆمۆ بوو لەسەر هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. 
 
رووداو: ئەگەر بێینە سەر کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و ئەو ٦ دۆلارەی کە حکومەت و پەرلەمانی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک دایانناوە، هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەوە چییە، بە ٦ دۆلار رازین؟
 
 ماتیو زەیس: نا، بەهیچ شێوەیەک. ئەوە هەڕەمەکیانە دانراوە. با پێت بڵێم، ئێمە راشکاوانە بە حکومەتی عێراقمان گوتووە، بەتایبەتی و بە روونی و بە پشتیوانی باڵیۆزی ئەمریکا بە حکومەتی عێراقیمان گوتووە کە ئەو ٦ دۆلارە هیچ بنەمایەکی نییە. هیچ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوت نییە کە گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتێکدا هەبێت و ملیاران دۆلار وەبەرهێنان بکات و دواتر پارەی تێچووی وەبەرهێنانەکەی لەسەر بنەمای تێچووی کۆمپانیای دیکە، لە نێویشیاندا کۆمپانیای خۆماڵی، بۆ حیساب بکرێت. ئەوەی کە بە بەغدا و حکومەتی عێراقیمان گوتووە ئەوەیە کە ئەو بڕەی ئێوە بۆ تێچووەکانی ئێمە و لەسەر بنەمای تێچووی کۆمپانیا بیانیی و نێوخۆییەکانی عێراق حیسابتان کردووە، تەنانەت هەمان ئەو بڕە نییە کە ئێوە دەیدەنە ئەو کۆمپانیایانەش کە لە عێراق کار دەکەن. پێمان گوتوون چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق دەکەن، ئاواش مامەڵە لەگەڵ ئێمە بکەن. چونکە کۆمپانیا بیانییەکانی عێراق، کە هەمان گرێبەستی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەیان هەیە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت، ئەو گرێبەستانەی ئەوان لەوێ هەیانە زۆر هاوشێوەی ئەو گرێبەستانەیە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمانن، بەڵام ئەوان لەوێ هەموو چوار مانگ جارێک لیستی خەرجییەکانیان دەنێرن بۆ وەزارەتی نەوت و خەرجی تەواوی خۆیان بۆ بەرهەمهێنانەکەیان وەردەگرنەوە. ئەو بڕەی ئەوان وەریدەگرن لەنێوان 30 بۆ 45 دۆلارە. لەبەرئەوە ئەوەی ئێمە بە حکومەتی عێراقیمان گوتووە ئەوەیە کە بۆچی لەگەڵ ئێمەش بە یەکسانی مامەڵە ناکەن، هەر وەک ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی خۆتان دەیکەن. وەبەرهێنانەکانی ئەوانیش هاوشێوەی ئەوانەی ئێمەن. ٦ دۆلار بڕێکی هەڕەمەکییە. هیچ مانایەکی بازرگانی نییە و بەپێی رێککەوتنی بازرگانی ئێمەش نییە و بەو بڕە ناتوانین بەردەوام بین لە بەرهەمهێنان و دەستمایەی خۆمانی پێ دەربێنینەوە. 
 
رووداو: دوو پرسیار لەسەر ئەمە، یەکەم: گوتت ئەم کێشەیەتان لەگەڵ عێراقییەکان باسکردووە، وەڵامی ئەوان چی بوو؟ دووەم، تۆ پێتوایە بۆچی ئەو جیاوازییە گەورەیە دەکرێت ٦ دۆلار لێرە و ٣٥ دۆلار لەوێ، جگە لەوەی کە جیۆلۆجیای بیرە نەوتەکانی  و تەمەن و شێوازی بیرە نەوتەکان جیاوازن؟ 
 
ماتیو زەیس: پێموایە ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەو بودجەیەی عێراق کە تێپەڕێندرا، لە واقیعی ئابووری و بازرگانییەوە دوورە. دانوستاندنیان لەسەر 400 هەزار بەرمیل نەوت کرد، کە هیچ لایەنێکیان بە تەواوی خاوەندارێتی ناکەن، چونکە بەشێکی خاوەندارێتی ئەو بڕە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بەرامبەر بەرهەمهێنانیان. هەروەها ئەو گرێبەستانەی  کە وایانکرد وەبەرهێنانی گەورە لە هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، لە گفتوگۆی بودجەدا هەر حیسابی بۆ نەکرا و ٦ دۆلاریان بۆ هەقدەستی وەبەرهێنان دانا. لەبەرئەوە، ئێستا ئەوەی کە هەیە بودجەیەکی عێراقییە کە لە بازرگانی و وەبەرهێنانی راستەقینەی سەر ئەرز دوورە. 
 
رووداو: بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سەر بەشێکی پرسیاری پێشووم، ئێوە ئەمەتان بە باڵادەستەکانی عێراق راگەیاندووە. وەڵام و بیانووی ئەوان چی بوو؟ 
 
ماتیو زەیس: تەماشاکە، خەڵکی زۆر زیرەک لە حکومەتی عێراق دا هەن، بە وەزیری نەوتیشەوە. ئەوان لە کێشەکە تێدەگەن. کێشەکە ئەوەیە کە یاسای بودجە شتێک دەڵێت و واقیعی وەبەرهێنان شتێکی دیکە دەڵێت. پێمانوایە، کە چارەسەرێکی زۆر ئاسانی بازرگانی بۆ ئەمە هەیە و هەموو کەس تێیدا براوە دەبێت، ئەویش ئەوەیە چارەسەرێک بکرێت کە پێویست نەکات کێشەکان لەوە زیاتر تێکەڵی سیاسەت بکرێن. پێموایە هەمووان ئێستا هەست بەوە دەکەن. ئێستا دۆخەکە لە دۆڕان بە دۆڕان، بە دۆڕان، بە دۆڕانە. کۆمپانیا بیانییە ئەمریکییەکان، هەموو کۆمپانیا بیانییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا هەموو لەم دۆخەدا دۆڕاون.
 
ئێمە هەموومان پێکەوە مانگانە یەک ملیار دۆلار زیانمان بەردەکەوێت. تائێستا پێنج ملیار دۆلارمان لە دەست چووە. ئەوە ئەگەر تەماشای بکەیت، لەو بڕە پارەیەی کە دادگای نێوەندگیری دایناوە زۆرترە. هەموومان زیان دەکەین. لەبەرئەوە چارەسەرێکی بازرگانی بۆ کێشەکان دەکرێت و ئاسانە. چونکە چارەسەری بازرگانی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەموولایەک، براوە، براوە، براوەبن. دەبێت ئەو چارەسەرە بدۆزینەوە. 
 
رووداو: بگەڕێمەوە سەر پرسیاری پێشووتر، باشە کە تۆ دەڵێی 6 دۆلار هیچ مانایەکی بازرگانی نییە، ئەو بڕەی کە ئێوە پێتان باشە چەندە؟
 
ماتیو زەیس: بڕێکی دیاریکراو نییە، لەسەر بنەمای گرێبەستەکانمانە. هەر کۆمپانیایەکی بیانی لە قۆناخێکی جیاوازی وەبەرهێناندایە. هەر وەک عێراق، دەبێت ئەو تێچووەی کە خەرجکراوە لەو قۆناخەی وەبەرهێنان دا ئەوە بگەڕێندرێتەوە. ئێمە هەموومان تێچووی جیاوازمان لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا هەیە و دەبێت ئەو پارانە وەرگرینەوە و ئەو پارانەمان پێشتر لە وەبەرهێنان دا خەرج کردووە. ئەو بڕە بەپێی گرێبەستەکان دیاری دەکرێت، نەک بە تێکڕایەکی هەڕەمەکی. 
 
رووداو: کەوابێت ئەو هۆشدارییەی پێشووتان کە دەڵێت، ئەگەر بەغدا بڕیاری هەناردەکردنی نەوتیش بدات، ئێمە نەوت هەناردە ناکەین، ئەو هەڵوێستەتان نەگۆڕاوە؟
 
ماتیو زەیس: ئەوە نەگۆڕاوە، چونکە ئێمە بە روونی بە حکومەتی ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستانیشمان راگەیاندووە، کە ئێمە چاوەڕوانی چارەسەرێکی براوە- براوە دەکەین. چارەسەرێک کە تێیدا بتوانین بەرهەمهێنانی تەواو دەست پێبکەینەوە و نەوت لە رێگەی بۆڕیی عێراق- تورکیا (ITP) بۆ جەیهان بنێرین، بەڵام ئێمە کارێکی لەو شێوەیە ناکەین، تاوەکو ئەوکاتەی چارەسەرێکی بازرگانی نەدۆزرێتەوە و ئەو تێچووەی کە لە گرێبەستەکانماندا هەیە نەگەڕێتەوە و بەشی خۆمان لە سوود وەرنەگرین. هێشتا ئەو چارەسەرە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام متمانەمان هەیە کە دەدۆزرێتەوە، چونکە ئەوە لە قازانجی هەموو لایەکە. ئێمە زۆر بە روونی ئەو پەیامەی خۆمان گەیاندووەتە حکومەتی ئەمریکا. ئەمریکا زۆر نیگەرانی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا، پێمان راگەیاندوون ئەگەر بۆڕییەکان بکرێنەوە و چارەسەرێکی بازرگانی نەبێت بۆ ئەوەی پارەی ئەو کۆمپانیا بیانیانە بداتەوە کە نەوتەکە بەرهەم دێنن، ئەوکات بۆڕییەکان بەتاڵ دەبن و ئێمە نەوتیان تێناکەین. 
 
رووداو: ئەو چارەسەرە بازرگانییە دەبێت چۆن بێت، بەپێی لێکدانەوەی ئێوە؟
 
ماتیو زەیس: بەپێی لێکدانەوەی ئێمە دەبێت بە شێوەیەک بێت کە ئێمە ئەو پارانەی کە لە گرێبەستەکانمان دا دانراوە وەرگرینەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لە حکومەتی عێراق. 
 
رووداو: واتە هەر بەڵێنێکی پێدانی پارە و تەواو؟ 
 
ماتیو زەیس: دەزانی ئێمە گرێبەستێکمان هەیە، رێککەوتنمان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو نەوتە چۆن بفرۆشین، دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانین ئەو نەوتە چۆن لە بازاڕەکان دا بفرۆشین. 
 
رووداو: وەکو جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئێوە لە هەموو لایەنەکانی دیکە باشتر دۆخی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەزانن، چۆن هاوسەنگی لەنێوان وەبەرهێنان، تێچوون و کارەکەتان دا دروست دەکەن؟ هاوسەنگییەک هەیە کە بتوانن پێیبگەن؟
 
ماتیو زەیس: لە هەر ژینگەیەکی بازرگانی دا، ئەگەر رێگە بە وەبەرهێنانی بیانی بدرێت کاری خۆی بکات، ئەوکات هیچ سنوورێک لەسەر بەرهەمهێنان نابێت. لەبەرئەوە رێژەی بەرهەمهێنان پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند ئەو وەبەرهێنانە پێشوازی لێدەکرێت و رێوشوێن و دڵنیایی گرێبەستەکان رێزیان لێدەگیرێت، دۆخەکە  لەباربێت، ئیتر بەهەمان شێوەیە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقی فیدراڵیش، یەک شتە. ئەوەی گرنگە، جیهان ئێستا چاوی لەسەر عێراقە. عێراق یەکێک لەو شوێنانەیە کە دەتوانێت سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی بۆ لای خۆی راکێشێت. ئەوەش بڵێم لەڕووی نەوت و گازەوە یەکێکە لە گرنگترین ئەو شوێنانەی کە پێویستە سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی بۆ لای خۆی راکێشێت، بەتایبەت بۆ گاز و کێشەی سووتانی گازەکەی. وەبەرهێنەکان بژاردەی دیکەیان زۆرە و زۆر شوێنی دیکە هەیە کە بتوانن وەبەرهێنانی تێدا بکەن. جیهان ئێستا تەماشا دەکات، بەتایبەت بەو دۆخەی کە لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، پرسیار دەکەن کە ئایا عێراق شوێنێکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان، دەتوانین متمانەی ئەوەمان هەبێت کە وەبەرهێنانی تێدا بکەین و متمانەمان بە وەبەرهێنانەکەمان هەبێت. لەبەرئەوە پێموایە چۆنیەتی یەکلایی بوونەوەی ئەو کێشەیەی ئێرە بۆ ئێمە و بۆ کەسانی دیکەش، وادەکات کە بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمە چۆن بزنسەکەمان بەڕێوە دەبەین و بۆ وەبەرهێنەرانی داهاتووش چۆن عێراق ببینن. 
 
رووداو: لە راستیدا پرسیارم لەسەر ئەو کاریگەرییە درێژخایەنانەی ئەم دۆخە لەسەر وەبەرهێنان لە داهاتوو لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام پێش ئەوە دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو جیاوازییەی کە لە پارە پێدان بە کۆمپانیا بیانییەکان هەیە، ئەوەی کە عێراق 6 دۆلاری بۆ کۆمپانیا بیانییەکانی ئێرە داناوە و زیاتر لە 30 دۆلار بۆ کۆمپانیا بیانییەکانی عێراق. دڵنیام ئەمریکییەکان خۆشیان ئەوە دەزانن، بەڵام ئێوە خۆتان ئەمەتان لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا باس کردووە، چ کاردانەوەیەکیان بۆ جیاوازییەکی گەورەی بەوشێوەیە هەبوو؟ 
 
ماتیو زەیس: پێموایە، هێشتا ناڕوونییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن لێکدانەوە بۆ بودجە دەکرێت و بودجە چی دەڵێت لەسەر نرخی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، ئەگەر کۆمپانیا بیانییەکان نەوت هەناردە بکەن بۆ جەیهان و بیدەنە دەستی سۆمۆ و، سۆمۆش ئەو نەوتە بفرۆشێتە بازاڕەکانی جیهان، پارەی ئەو نەوتە دەچێتە کوێ؟ دەچێتە هەژمارێکی تایبەت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات و، ئەو پارەیە دەتوانێت بەکاربێنێت بۆ ئەوەی قەرزی کۆمپانیا بیانییەکانی پێبداتەوە؟ ئایا ئەو 6 دۆلارە بڕە پارەیەکی زیادەیە و بەغدا وەک قەرەبوو دەیداتەوە کۆمپانیا بیانییەکان یان ئەو 6 دۆلارە تەنیا ئەوەیە و تەواو و بەغدا دەیەوێت تەنیا ئەو بڕە بداتە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز. ئەمە دوو سیناریۆی زۆر جیاوازە، ئەگەر تەنیا 6 دۆلارە و تەواو، ئەوا کۆمپانیا بیانییەکان ئامادەنین نەوت بەرهەمبێنن و بیخەنە نێو بۆڕییەکانەوە بۆ ئەوەی سۆمۆ بیانفرۆشێت. 
 
رووداو: ئێوە هەوڵتان هەیە ئەو ناڕوونییە چارەسەر بکەن و روونکردنەوەیەکتان دەستکەوێت؟ 
 
ماتیو زەیس: ئێمە بەردەوام کار لەسەر روونکردنەوەی دەکەین، چونکە وەک گوتم ئێمە و کۆمپانیا بیانییەکانی دیکەش پێویستیمان بە روونی بازرگانی هەیە لەسەر گرێبەستەکانمان و لەسەر وەبەرهێنانەکانمان بۆ ئەوەی بەردەوامبین. بەرچاوڕوونیمان بۆ وەبەرهێنانەکانی رابردووشمان پێویستە، چونکە ئێمە نەوتمان بەرهەمهێناوە و پارەمان پێنەدراوە. پرسی ئەو پارانە چۆن چارەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بەردەوامبین؟! 
 
رووداو: پێشتر باسی ئەمریکات کرد، سوودانی لە ئەمریکا بوو، ئێوە و کۆمپانیاکانی دیکە توانیتان چاوتان پێبکەوێت و باسی ئەو کێشانەتان لەگەڵ کرد؟ هیچ پێشهاتێکی نوێ هەبوو لە گفتوگۆکان لەوێ؟ هیچ ئاگاداری گفتوگۆکانی سوودانی بووی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکی کە باسی چییان کردووە؟
 
ماتیو زەیس: تاوەکو رادەیەک بەڵێ. ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە سەرۆکوەزیران لەگەڵ ژووری بازرگانی کۆبووەوە لە نیۆرک و هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا بازرگانی و کۆمپانیا بیانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کۆبووەوە. زۆر بە باشی ئاگای لە دۆخەکە و بەربەستەکانە و دەزانێت پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامبین. پێموایە بە روونی باسی لەوەکرد کە لە نیۆرک لەکاتی گفتوگۆکانیدا زۆر کەس پێیگوتووە گرنگە کێشە دارایی و سیاسییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، بەتایبەت کێشەی هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە. 
 
رووداو: دەتوانی پێمبڵێی کە کۆمپانیا بیانییەکان لە کوردستان ئێستا چەند نەوت بەرهەم دێنن؟
 
ماتیو زەیس: ژمارەی ئێستام لە بەردەست نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە لە سەتا 50ی ئەو نەوتە بەرهەم دێت کە دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت. بەدڵنیاییەوە هیچ یەکێک لە کۆمپانیا بیانییەکان، بەوەی ئێمەشەوە، هەموو توانای بەرهەمهێنانی خۆیان نەخستووەتە کار، چونکە ئێمە بەرهەمهێنانمان کەم کردووەتەوە و تەنیا چاومان لەسەر فرۆشتنی نەوتە بە بازاڕی ناوخۆ. 
 
رووداو: ریزی درێژی تانکەری نەوت لە هەولێر یان لە شوێنی دیکەی هەرێمی کوردستان دەبینین، ئەو نەوتە لەلایەن ئێوەوە بەرهەم دەهێنرێت؟ بۆ کوێ دەچێت؟ 
 
ماتیو زەیس: ئەو نەوتەی کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بە کۆمپانیاکەی ئێمەشەوە بەرهەم دەهێنرێت، دەچێت بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان. 
 
رووداو: هیچ زانیارییەکت هەیە لەوەی کە ئەو نەوتە بچێت بۆ هیچ شوێنێکی دیکە، جگە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان؟ 
 
ماتیو زەیس: نەخێر.
 
رووداو: کاتێک کە دەڵێی بازاڕی ناوخۆیی، پارەی ئەو فرۆشە ناوخۆییەتان چۆن دەستدەکەوێتەوە؟
 
ماتیو زەیس: تەماشا، ئێمە کۆمپانیای ئەهلین، ئێمە گەورەترین کۆمپانیای ئەمریکین کە لە عێراق وەبەرهێنانی کردووە و گەورەترین وەبەرهێنین لە هەرێمی کوردستان. ئێمە کۆمپانیا و وەبەرهێنی ئەهلین و مافی ئەوەمان هەیە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەهلییەکانی دیکەی کوردستان، بە پاڵاوگەکانیشەوە، بکەین.  لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبین، تاوەکو ئەوکاتەی کە چارەسەرێکی بازرگانی دەدۆزرێتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت.
 
رووداو: لەسەر نرخی فرۆشیان دەتوانی چیم پێبڵێی؟
 
ماتیو زەیس: نامەوێت باسی نرخیان بکەم، بەڵام کاتێک کە ئێمە ناچارین لە ناوخۆدا بەرهەمەکان بفرۆشین، نرخەکەی وەک نرخی ئەو فرۆشە نابێت کە دەیفرۆشینە بازاڕەکانی جیهان. 
 
رووداو: ئەگەر چارەسەرێک دۆزرایەوە، چەند کات پێویستە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بتوانن دەست بە هەناردەکردنەوەی هەمان ئەو بڕە بکەن کە پێش سەرهەڵدانی کێشەکان هەناردەتان دەکرد؟
 
ماتیو زەیس: ئەوە پرسیارێکی باشە، من ناتوانم باسی کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە بکەم، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە سەر رێژەی بەرهەمهێنانی تەواو، رەنگە چەند هەفتەیەک یان مانگی پێ بچێت تاوەکو بتوانین بچینەوە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی تەواو، بەڵام هەر کاتێک باسی بەرهەمهێنانی تەواو دەکەین، دەبێت جارێکی دیکە پارە بخەینە نێو وەبەرهێنانەکە و پارە بەردەست بکەینەوە. بۆ نموونە ئێمە لە سەتا ٥٠ کارمەندەکانمان ناردنەوە ماڵ، رێژەی کارمەندەکانی ئێمە لە سەتا ٧٦ خەڵکی ناوخۆ و کوردی عێراق بوون. ناچاربووین کە نیوەیان بنێرینەوە ماڵ، دەبێت جارێکی دیکە ئەو کەسانە بێنینەوە. دەبێت پارە خەرج بکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەرهەمهێنان بهێنینەوە ئاستی بەرهەمهێنانی تەواو، ئەوەش پارەی تێدەچێت. کۆمپانیا بیانییەکان ناتوانن ئەو پارەیە خەرج بکەن، ئەگەر دڵنیا نەبن لەوەی کە پارەکەیان بە فیڕۆ ناچێت و چارەسەرێکی بازرگانی لێدەکەوێتەوە کە جارێکی دیکە ئەو پارانە و قەرزەکانی رابردووش دەگەڕێنێتەوە. 
 
رووداو: پەنجا لە سەتای کارمەندەکانتان، ئەوە ژمارەیەکی زۆرە. 
 
ماتیو زەیس: بەڵێ زۆر خراپە.
 
رووداو: کاریگەری ئەوە چی بووە لەسەر دەستی کار و ئابووری ناوخۆیی؟
 
ماتیو زەیس: ئەوە سیناریۆیەکی زۆر خراپە کە دروستبووە. ئێمە نەماندەویست ئەو دۆخە دروستبێ کە سەرئەنجام دووچاری بووین. ئەوە دەرەنجامی ئەو سیناریۆیە کە هەموو تێیدا دۆڕاوین و دەکرا رێگەی لێ بگیرێت. هەموو کەس زیانمەندە، خەڵکی عێراق و کارمەندەکان زیانیان بەرکەوتووە، هەموو حکومەتەکان زیانیان بەرکەوتووە، ئێمە زیانمان بەرکەوتووە و ئابووری ئەو وەبەرهێنانەی کە هەموومان پێی دەژیاین لەنێوچووە و  خەڵکی ئازار دەچێژن، بەداخەوە ئێمە ناچاربووین کە هەندێ لە کارمەندەکانمان بنێرینەوە ماڵ. دەزانم کۆمپانیا بیانییەکانی دیکەش هەمان دۆخی کۆمپانیاکەی ئێمەیان هەیە. ئێمە هەروەها دەزانین کە دانیشتووانی کوردستانیش ئازار دەچێژن لە بەر پێنەدانی بودجەکەیان لەلایەن عێراقەوە بەشێوەیەکی جێگیر و بە مووچەی خەڵکیشەوە. دەبینین کە لە کوردستان دۆخێکی نالەباری ئابووری دروست بووە. ناخۆشترین بەشی ئەم دۆخە ئەوەیە کە دەکرا رێگیری لێ بکرابووایە، لەبەرئەوە دەبێت هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک. 
 
رووداو: باشە، با باسی خراپترین سیناریۆ بکەین، با بڵێین ئەو چارەسەرە بازرگانییەی کە باستکرد، نەدۆزرایەوە. چ بژاردەیەکی دیکە لە بەردەستی ئێوەدا هەیە؟ ئەوە کە ئێستا دەگوزەرێت، دەتوانن بەردەوامبن بەوشێوەیە؟ 
 
ماتیو زەیس: دەکرێت بەردەوامبین. 
 
رووداو: واتە بە تەنیا فرۆشتنی سووتەمەنی بە بازاڕە ناوخۆییەکان، دەتوانن بەردەوامبن؟ 
 
ماتیو زەیس: باشترە لەوەی کە نەوت بەخۆڕایی ببخەشین.
 
رووداو: وایە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەتان لە بەردەستە، بۆ نموونە سکاڵا تۆمارکردن لە دادگایەکی نێوەندگیری یان هەر دادگایەکی دیکە. واتە مەبەستم بەبێ دۆزینەوە چارەسەرێکی بازرگانی بۆ کێشەکان، چارەسەرێک کە ماوەیەکی دوورودرێژە کۆمەڵێک ئەکتەری سیاسی کار بۆ دۆزینەوەی دەکەن، چ بژاردەیەکی دیکەتان هەیە؟
  
ماتیو زەیس: تەماشا بکە، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، ئێمە و ئەوانیدیکەش، کاتێک کە بڕیارماندا لێرە لە هەرێمی کورستانی عێراق وەبەرهێنان و بزنس بکەین، ئەو بڕیارەمان پاش شرۆڤەیەکی زۆر ورد و دوورودرێژی دۆخی یاسایی بوو. ئەگەر لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە تەماشا بکەیت، هەمووکات بژاردەی یاسایی هەیە. گرێبەستەکانی ئێمە بەتایبەتی، گرێبەستەکانی HKN بە دیاریکراوی، بەپێی یاسای ئینگلیزی (بەریتانی) رێکخراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش کێشەکانی دەچێتە دادگای نێوەندگیری لەندەن. ئێمە زۆر بە روونی ئەوەمان راگەیاندووە و ئەو کۆمەڵەیەی کە ئێمە تێیدا ئەندامین، کۆمەڵەی ئاپیکیور، ئەوانیش ئاماژەیان بەوە کردووە. لەبەرئەوە ئەو بژاردانە هەموو کات هەن و لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت. 
 
رووداو: کەرتی وزە لە وڵاتانی دیکە زۆرجار خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ خەڵکەکەی دەهێنێت، لێرەش ماوەیەک گەشەپێدانی بەرچاو روویاندا، پێتوایە راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، ئەو پێشڤەچوونانەی گەڕاندووەتەوە دواوە؟ 
 
ماتیو زەیس: پێموایە، ئەو پێشڤەچوونانەی لە هەرێمی کوردستان دەیانبینین، بەبێ وەبەرهێنانی کەرتی نەوت و گاز رووی نەدەدا.  حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆردەدات بۆ ئەوەی ئابووریەکەی هەمەچەشن بکات و، دەبینین حکومەت لە رێگەی چەندین پڕۆژەوە هەوڵی ئەوە دەدات، بەڵام راستییەکە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا لە هەموو وەبەرهێنانەکانی دیکە زیاترە و بۆ ماوەیەکی درێژ وەک بزوێنەری سەرەکی ئابووری دەمێنێتەوە. لە باشترین دۆخ دا ئابووری، ئەو ئابوورییەیە کە هەمەچەشنە و دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەڵام نەوت و گاز بەشێکی سەرەکی ئابووری ئێرەیە. تەماشاکە، ئەو سیناریۆیەی لێرە دروستبووە، سیناریۆیەکی زۆر خراپە. چونکە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە هاوبەشی ئەمریکایە لە پرسی ئاسایشی نیشتیمانی [ئەمریکا]دا، ئەمڕۆ رێژەی هەناردەی نەوتەکەی سفر بەرمیلە. ئەمڕۆ ئێران نزیکەی 2 ملیۆن بەرمیل رۆژانە هەناردە دەکات. ڤەنزوێلا نەوت هەناردە دەکات، رووسیا نەوت هەناردە دەکات، هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەمریکا وەکو نەیار ئەژماریان دەکات، رێژەیەکی زۆر نەوت هەناردە دەکەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دا جێگیربێت و هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکرێت. هەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داخراوە، هەروەها ئەوەی کە ئەمریکا رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو لە داڕشتنی دەستووری عێراق دا و ئەو بەڵێنانەی کە بە هەرێمی کوردستان دران بۆ ئەوەی بە رازەمەندی خۆی ببێتە بەشێک لە ئەزموونی عێراقی نوێ، دەبێت هەموومان ئەوانەمان وەبیربێت و هیوادارم کە کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا و ئەوانیدیکەش راستی ئەو ئاستەنگانە بزانن کە ئەم دۆخە دروستی کردووە. هەست بە گرنگی زۆری پێویستی چارەسەرکردنی بکەن. 
 
رووداو: ئەوە جێگەی سەرنجە، چونکە لەگەڵ ناجێگیربوونی نرخی نەوت دا، ئەمریکا هەوڵدەدات و هەوڵیداوە کە وڵاتانی دیکە نەوتی زیاتر هەناردە بکەن. ئەو کێشەیەی کە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، لە کێشەیەکی زۆر سیاسیتر دەچێت وەکو لە کێشەی تەکنیکی، با بەشێوەیەکی دیکە پرسیارەکەم بکەم: عێراق وادەردەکەوێت کە لایەنی سیاسی پرسەکەی، (ئەوەی کە هەرێمی کوردستان نەوت بە ناوی خۆیەوە هەناردە نەکات) لە هەموو شتێک بۆ گرنگترە، وەک لەوەی کە پارەی نەوت چی لێدێت و بەرهەمهێنان چەندێکی تێدەچێت و تێناچێت. پێتوایە چارەسەرێک ئەگەری هەیە؟ بەشی دووەمی پرسیارەکەشم ئەوەیە، ئایا ئەمریکا فۆکەسی لەسەر بەشێکی بچووکتری کێشەکەیە، گوشار دەکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کێشە تەکنیکیەکانیان چارەسەر بکەن، لە کاتێکدا سەرچاوەی کێشەکان کێشەی گەورەتری سیاسین کە دەبێت چارەسەر بکرێن. 
 
ماتیو زەیس: پێموایە ناکرێت ئەو راستییە فەرامۆش بکەین کە سیاسیەت لە عێراق زۆر ئاڵۆزە، هەروەک چۆن لە وڵاتانی دیکەش دا ئاڵۆزە. چاڵەنجی دۆخی لەم شێوەیە ئەوەیە کە بتوانی رێگە نەدەی سیاسەت رێگری لە گەشەی ئابووری بکات، بەڵام دەبێ چارەسەرێک بدۆزینەوە. حکومەتی ئەمریکا رۆڵێکی گەورەی هەیە و دەتوانێت بیگێڕێت، لەبەر ئەو رۆڵەی کە پێشتر لە دامەزراندنی عێراقی نوێ و دەستوورەکەیدا گێراویەتی. رەنگە پێویستی ئەوە هەبێت کە لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت کە دەستوور و مافە دەستوورییەکان چۆن جێبەجێدەکرێن و رێزیان لێ دەگیرێت بۆ ئەوەی ئەو فیدراڵیزمەی کە لە دەستووری عێراق دا هاتووە جێبەجێبکرێت. ئەو فیدراڵیزمەی کە ئەمریکا رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنی دا.
 
تەماشا بکە، کورد بژاردەیان لە بەردەستدا بوو بۆ ئەوەی لەم ئەزموونە نوێیەی عێراق دا بەشداربن، ئەمریکا کوردستانی عێراقی رازیکرد کە بەشداری ئەزموونی عێراقی نوێ بن لەسەر بنەمای ئەو مافانەی کە لە دەستووردا باسکرابوون. لەبەرئەوە پێموایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت لەوەی کە دڵنیابینەوە لەوەی ئەو مافانە رێزیان لێدەگیرێت. پێموایە پرسەکە لێرەدا هەرئەوەیە، کە دەستوور چ رێوشوێنێکی دابین کردووە بۆ ئەوەی سیاسیەت لە کۆنترۆڵی خۆی دەرنەچێت و سیناریۆی بێ مانا دروست نەکات و دۆخێک نەخوڵقێنێت کە بۆ هەمووان زیانبەخش بێت. 
 
رووداو: با دوا پرسیارەکانم بپرسم، پێتوایە ئەمریکا ئەو رۆڵەی کە دەیتوانی بگیڕێت، گێڕاویەتی؟ 
 
ماتیو زەیس: دەتوانێت زیاتر بکات. 
 
رووداو: دەتوانێت زیاتر بکات؟
 
ماتیو زەیس: بە دڵنیاییەوە. 
 
رووداو: بۆ زیاتر ناکات؟ 
 
ماتیو زەیس: تەماشاکە، جیهان شوێنێکی ئاڵۆزە، چاڵەنجی زۆر و پێشینەی کاری زۆر هەیە. پرسی ئۆکراینا، رووسیا و چین هەیە، پرسی ئێرانت هەیە، سەرئەنجام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا پرسی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا؟ لەڕووی سەربازییەوە هێشتا بەشێکە، هیوادارم لەڕووی سیاسی و ئابووریشەوە بە بەشێک لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش بۆ خۆی چاڵەنجێکە کە بتوانی وەکو بەشێک لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بمێنیتەوە. 
 
رووداو: بەڵام لەم پرسەدا ئەگەر هەرێمی کوردستانیش بەشێک نەبێت لەو بەرژەوەندیانە، خۆ نرخی نەوت بەشێکە لەو بەرژەوەندیانە.
 
ماتیو زەیس: بەدڵنیاییەوە.
 
رووداو: شتەکان بەرە و کوێ دەچن، هیچ گەشبینیەکت هەیە؟
 
ماتیو زەیس: گەشبینین لەو رووەوە کە هەموو کەسێک هەست بەوە دەکات ئەو دۆخەی ئێستا دۆخی دۆڕان- دۆڕانە بۆ هەموو لایەک و، دەبێت چارەسەرێکی بردنەوە- بردنەوە بدۆزرێتەوە. هیوادارم چارەسەرێکی لەو شێوەیە بتوانێت بەسەر پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان دا سەرکەوێت. پێموایە، سەرئەنجام واقیعی ئابووری زاڵ دەبێت و پێموایە کاتێک کە بۆڕیەکان دەکرێنەوە، هەست بەوە دەکرێت کە دەبێت چارەسەرێکی بازرگانی بدۆزرێتەوە، ئێمە لەو رووەوە گەشبینین. ئەوە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقیەکان دەبێت. لە راستیدا، دوا خاڵ کە دەمەوێت لەسەری بوەستم، ئەوەیە کە بەڕاستی زیانمەند عێراقییەکانن، کورد لە هەرێمی کوردستان و عێراقییەکان لە عێراقی فیدراڵ زیانمەندی سەرەکین لەم دۆخەدا. زیانمەندن لە نەبوونی وەبەرهێنانی بیانی دا، پرسیاری ئەوە دروستبووە کە ئایا عێراق شوێنێکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان؟ عێراقییەکان زۆر پێویستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە، ئیتر کارەبا بێت، ئاوی خواردنەوە بێت، یان هەوای پاک بێت کە بەهۆی سووتانی گازی هاوەڵەوە کەمە. لەبەرئەوە خەڵکی عێراق پێویستیان بەوەیە کە سیاسییەکانیان هەنگاوبنێن و چارەسەرێک بدۆزنەوە، چونکە ئەوان لەم سیناریۆیەی ئێستادا ئازار دەچێژن. 
 
رووداو: ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی HKN زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت. 
 
ماتیو زەیس: سوپاس 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هادی بەحرە.

سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: گفتوگۆی کوردی- کوردی دەبێتە سەرەتایەک بۆ دیالۆگێکی سووریی فراوانتر

سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، هەندێک رێکخراو لە سووریا هەن پەیوەندییان بە رێکخراوگەلێکەوە هەیە لە تورکیا بە تیرۆریست ناسراون، "کاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریا بکشێنەوە.. دەبێت هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنرێت.. [چونکە] پەکەکە رێکخراوێکی سووری نییە، بەڵکو رێکخراوێکی تورکییە."