نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە زیاتر لە 3000 دۆلار

دوێنێ کاژێر 07:34
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە رۆژی هەینی توانی ئاستی 3 هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تێبپەڕێنێت. 
 
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ئابووریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پێناسە گومرگییەکان لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا، خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی نرخی زێڕ توانی بگاتە 3004 دۆلار، کە بەرزترین ئاستییەتی لە مێژووی ئەو کانزا ستراتژییە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، دوای چەند کاژێرێک لە پێکانی ئەو ئاستە بەرزە، هەندێ پاشەکشەی کرد و لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان بە 2986 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 3001 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
تای وانگ، بازرگانێکی سەر بەخۆی زێڕە لە شاری نیویۆرک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانان بۆ خۆپاراستن لە ئەو زیانانەی کە بازاڕەکانی بۆرسە ئەم رۆژانە بەخۆیەوە دەبینێت، روویان لە کڕینی زێڕ کردووە."
 
نرخی زێر بەتەنیا لەم ساڵدا بەڕێژەی 14٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
شەپۆلی فرۆشی نێو بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی بەرەو کڕینی زێڕ هانداوە.
 
دەیڤید راسڵ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی گۆڵد کۆڕ لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بانکە ناوەندییەکان بەردەوامن لە کڕینی زێڕ بەتایبەتی بانکی ناوەندیی چین کە بۆ چوار مانگە بەردەوام لە ئاستی مانگانەدا زێڕی زیاتری کڕیوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە