یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 70 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

دوێنێ کاژێر 07:37
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەوە.
 
بازرگانانی نەوت بە دووری دەزانن کە ئاگربەست لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا بەمزوانە رووبدات و ئەوەش بەپێی شرۆڤەکاران، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوی نرخی نەوتە لە رۆژی هەینیدا.
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەگەری ئاگربەست لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا و گەڕانەوەی نەوتی رووسیا بۆ بازاڕەکان نرخی نەوتی داڕماندبوو، بەڵام بازاڕی نەوت پێشبینی ناکات ئاگربەستێک بەمزوانە رووبدات.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکان 70 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 70 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 63 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 1.5٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بەڕێژەی 1.7٪ دابەزینینان بەخۆوە بینی بوو.
 
شرۆڤەکارانی کۆمێرز بانکی ئەڵمانی لەوبارەیەوە رایانگەیاند، "نرخی نەوتی برێنت لە نزیک 70 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوەی کە ئایا ئەو ئاستە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەشکێت و بەرەوە بەرزبوونەوە یان دابەزین گۆڕانکاری بەسەردادێت، پەیوەستە بە هەواڵە سیاسییەکان."
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رازی بووە بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەست، بەڵام داوای روونکردنەوەی زیاتری کردووەوە مەرجیشی داناوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەشەڕ بهێنێت. ئەوەش بازرگانانی نەوتی گەیاندووەتەوە ئەو باوەڕەی کە بەمزوانە شەڕ لە ئۆکراینا کۆتایی پێ نایەت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە