رووداو دیجیتاڵ
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، تەواوی فەرمانبەرانی سنووری هەولێر لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن و تاوەکو مانگی ئادار، هەموو مووچەخۆرانی دهۆکیش بەو سیستمە مووچەکانیان وەردەگرن.
عه‌زیز ئه‌حمه‌د، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 09-01-2025) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی 220 هەزار مووچەخۆری لە رێگەی شەش بانکی مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقەوە دابەشکردووە."
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژەی بەوە کردووە، "بانکی بەغدا یەکێک لەو بانکە دەگمەنانەی عێراقە، کە پەیوەندیی لەگەڵ بانکە ئەمریکییەکان دا هەیە، بۆ یەکەمجار مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی عەزیز ئەحمەد، "بڕی پارەی دابەشکراو زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلار بووە کە نزیکەی 25٪ـی کۆی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. مانگی داهاتووش ژمارەی مووچەخۆران دەگاتە 255 هەزار کەس."
بەگوتەی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، ئێستا بەشێوەیەکی کردەیی مووچەی فەرمانبەرانی هەولێر بەتەواوی لە رێگەی بانکەوە دابەشدەکرێت و لە مانگی ئاداریشدا مووچەی فەرمانبەرانی دهۆک بەتەواوی دەگوازرێتەوە بۆ سیستمی بانکی.
تاوەکو ئێستا 720 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمارکردووە و 350 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووە، مووچەکانیان لە رێگەی 550 ئامێری راکێشانی پارە (ATM)ـەوە لە 200 شوێنی جیاواز وەردەگرن.
پڕۆژەی 'هەژماری من' پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ