ئابووری

لە کالیفۆرنیا لەسەر بیلبۆردیک نووسراوە "گومرگ واتا باج لەسەر کەرەستە خۆراکییەکانت"، کە بەشێکە لە کەمپەینێک دژی هەنگاوەکەی ترەمپ، وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هەر بەرهەمێک بچێتە نێو ئەمریکا، لانیکەم پێناسی گومرگیی 10٪ـی بەسەردا دەسەپێندرێت. ئەمە جگە لە پێناسی زیاتر بۆ سەر وڵاتانی دیکە، کە هەندێکیان تەنانەت هاوپەیمانی زۆر نزیکیی ئەمریکان.
ترەمپ ناوی لە 02-04-2025 نا "رۆژی رزگاریی ئەمریکا" کە تێیدا پێناسە گومرگییەکانی راگەیاند. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو پێناسانە دەبنە هۆی ئەوەی کارگەکان دووبارە لە ئەمریکا دەست بە کار بکەنەوە و هەلی کار بڕەخسێنن، هەروەها گوتی "چەرخی زێڕینی ئەمریکا، دەستیپێکرد."
لەلایەکی دیکەوە، ئابووریناسان، وەبەرهێنەران و بازرگانان هۆشداریی ئەوە دەدەن؛ لەوانەیە کاریگەریی ئەو پێناسە گومرگییانە گەورە بێت و نرخی کاڵا لە ئەمریکا زۆر بەرزبکاتەوە و ئابووریی وڵاتەکە پاشەکشە بکات.
پێناسی گومرگی چییە و چۆنە؟
پێناسی گومرگی ئەو باجەیە کە هەر کۆمپانیایەک لە ئەمریکا کاڵا هاوردەی وڵاتەکە بکات، پێویستە بیداتە حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا. لەبەرئەوەی پارەی کۆمپانیاکە حکومەت وەریدەگرێت، پێی دەگوترێت باج.
بۆ نموونە، کۆمپانیایەک لە چینەوە پێڵاو هاوردەی نێو ئەمریکا دەکات. پێڵاوەکان دەگەنە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان یان بەندەرەکانی ئەمریکا. ئەو کۆمپانیایە پێش ئەوەی پێڵاوەکان بباتە کۆگە و دواتر بیفرۆشێت، لە دەروازە سنوورییەکەوە باجی پێناسە گومرگییەکە دەداتە بەشی گومرگ و پاراستنی سنوور (CBP) لە حکومەتی ئەمریکا.
ئەگەر پێڵاوەکە بە 10 دۆلار بێت و پێناسی گومرگیی 10٪ـی لەسەر بێت، پێش هەموو شتێک ئەو کۆمپانیایە پێویستە یەک دۆلار بداتە حکومەت.
هەمان پرۆسە بەسەر کارگەکانیش دا جێبەجێ دەبێت، کە پارچەی یەدەگ یان مادەی خاو هاوردە دەکات بۆ ئەوەی شتێک دروستبکات، هەروەها کاتێک کۆمپانیایەکی دابەشکاریی خواردن بۆ نموونە سەوزە و میوە هاوردە دەکات، دەبێت ئەو بڕە باجە بدات. ئەو پارەیەی کە حکومەت لە پێناسی گومرگی دەستی دەکەوێت، بۆ وەزارەتی گەنجینە دەگەڕێتەوە، واتا بە هەمان شێوەی کۆکردنەوەی باج لە ئەمریکا.
پێناسی گومرگی، چۆن نرخ بەرزدەکاتەوە؟
بۆ نموونە کۆمپانیایەک مۆبایلێکی زیرەک هاوردەی ئەمریکا دەکات. پرۆسەکە بەم جۆرەیە:
1. مۆبایلەکە لە کارگەیەکی وڵاتێکی بیانی دروست دەکرێت و ئامادەیە بۆ ئەوەی هەناردە بکرێت. نرخی دروستکردن 200 دۆلارە.
2. مۆبایلەکە بۆ ئەمریکا لە رێگەی ئاسمان، دەریا یان وشکانی بەڕێدەکرێت. نرخی گواستنەوەی 20 دۆلارە، بەمجۆرە تاوەکو ئێستا 220 دۆلار وەستاوە.
3. مۆبایلەکە دەگاتە بەندەرێکی ئەمریکا، کارمەندانی CBP پشکنینی بۆ دەکەن و پێناسی گومرگی لەسەر جێبەجێ دەکەن. ئەگەر 10٪ـی لەسەربێت، پێناسە گومرگییەکە لەسەر 220 دۆلار جێبەجێ دەکرێت واتا 22 دۆلارە. بەمجۆرە نرخەکە گەیشتە 242 دۆلار.
4. مۆبایلەکە دەگاتە فرۆشگەکان. فرۆشیار دەتوانێت پێناسی گومرگییەکە هەمووی لەسەر خۆی هەژمار بکات و نەهێڵێت زیان بە کڕیار بکەوێت، یان دەتوانێت بەشێک لەو پێناسە بخاتە سەر نرخی مۆبایلەکە بۆ ئەوەی زۆر زیان نەکات. بۆ نموونە فرۆشیار 30 دۆلار دەخاتە سەر مۆبایلەکە، نرخی بۆ کڕیاری ئەمریکی دەگاتە 272 دۆلار.
پێناسی گومرگی شتێکی نوێ نییە، چەندین سەدەیە وڵاتان بۆ پاراستنی پیشەسازییەکانی خۆیان لە رکابەریی دەرەکی و بەرزکردنەوەی قازانج بۆ حکومەت، پشتی پێدەبەستن.
فەلسەفەی پێناسی گومرگی لە 1990ـەکان گۆڕا، ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی جیهانیی بازرگانی (WTO) دامەزرا و وڵاتە رۆژئاواییەکان هەوڵی ئەوەیان دا بازرگانی زیاتر بکەن. ئامانجەکە ئەوەبوو نرخی شتومەک کەمبێتەوە.
ئێستا ترەمپ و ئیدارەکەی دەیانەوێت بچنەوە بۆ رابردوو. ترەمپ چاوی لەوەبوو پێناسێک بسەپێنێت کە پێشتر هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە مێژووی مۆدێرنی وڵاتەکەیدا نەیکردبێت، تەنانەت زۆرتر و فراوانتر لەو پێناسەی لە ساڵی 1930 سەپێنرا و "خەمۆکییە گەورەکە"ـی ئەمریکای خراپتر کرد.
پێناسی گومرگی چۆن کار لە نرخەکان دەکات؟
پێناسی گومرگی تێچووی بزنس و کارکردن لە دەرەوەی ئەمریکا بەرزدەکاتەوە، بەڵام دەکرێ تەنانەت کاریگەریی لەسەر ئەو کۆمپانیایانەش هەبێت کە لە نێو ئەمریکادا کارگەیان هەیە، ئەمەش چونکە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە هەموو بەرهەمەکە لە ئەمریکا تەواو ناکەن، بەڵکو چەند پارچەیەک لە دەرەوە هاوردە دەکەن.
بۆ نموونە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل، هەندەێک پارچەی ئۆتۆمبێلەکە لە دەرەوە هاوردە دەکەن و دەبێت باجەکە بدەن.
لەوانەیە کڕیارانی ئەمریکی راستەوخۆ هەست بە زیان و کاریگەرییەکە نەکەن، ئەمەش لە پیشەسازی و بەرهەمێک بۆ دانەیەکی دیکە جیاوازە.
هەندێک کۆمپانیا، لەوانەش تارگێت، بێست بای و هیۆندای رایانگەیاند، بەشێک لەو پێناسە گومرگییانەی کە ئەوان دەیدەن، دەیخەنە سەر کاڵاکانیان بۆ ئەوەی کڕیاریش ئەو پارەیە بدات.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای وۆڵمارت گوشار لە کۆمپانیا هەناردەکارە چینییەکان دەکات، بۆ ئەوەی نرخ لە چینەوە دابەزێنن تاوەکو زۆر هەست بە قورسیی پێناسە گومرگییەکان نەکرێت.
بەشێکی دیکەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئەوانەی کاڵای زۆر گرانبەها دەفرۆشن، نرخی زۆر دەخەنە سەر کاڵاکانیان و کڕیار پارەی زیاتر بۆ کڕینیان دەدات.
ئەو کۆمپانیایانەی بڕیار دەدەن هەموو باجەکە بەخۆیان بدەن و نرخ بەرزنەکەنەوە، لە داهاتوودا پارەیەکی کەمتریان بۆ وەبەرهێنان و فراوانکردنی بازرگانییەکەی خۆیان دەبێت؛ ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی بچووکردنەوەی قەبارەی کۆمپانیاکە و ناردنە ماڵەوەی بەشێکی کارمەندەکانیان.
ترەمپ 25٪ پێناسی خستە سەر هەر ئۆتۆمبێلێک کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت. پرسیار لە ترەمپ کرا، چی ئەگەر نرخی ئۆتۆمبێل بەرزبووەوە؟ ئەو گوتی: "هەر گرنگی پێنادەم. لە راستیدا هیوادارم ئەوان نرخ بەرزبکەنەوە، چونکە ئەوکات کڕیارە ئەمریکییەکان دەچن ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکڕن کە لە ئەمریکا دروست دەکرێن."
چەند ژمارەیەکی گرنگ:
- پلانی سەپاندنی پێناسی گومرگی لە 14-02-2025 ئاشکراکرا و ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی نیسان جێبەجێی دەکەن.
- رۆژی 02-04-2025 پێناسە گومرگییەکان سەپێنران. لیسۆتۆ 50٪، ڤێتنام 46٪ و چین 34٪.
- رۆژی 03-04-2025 پێناسی گومرگیی 25٪ خرایە سەر هەر ئۆتۆمبێلێک کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێت.
- رۆژی 05-04-2025 پێناسی گومرگیی بنەڕەتیی 10٪ بەسەر هەموو کاڵایەکی هەناردەکراو بۆ ئەمریکا دەستیپێکرد.
- پێشبینی دەکرێت پێناسە گومرگییەکان گەشەی ئابووری 0.4٪ بۆ 1.3٪ دابەزێنێت.
- ئابووریناسان دەڵێن، لەوانەیە تاوەکو 12 مانگی دیکە، هەڵاوسان لە ئەمریکا 2.7٪ بەرزبێتەوە.
- هەرچەندە ئامانجەکە زیادکردنی کارە لە ئەمریکا، بەڵام دامەزراوەی (تاکس) دەڵێت، پێشبینی دەکرێت 142 هەزار کەس، کاری کارگە لەدەستبدەن.
- پێشبینی دەکرێت هەر خێزانێکی ئەمریکی ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار و 800 دۆلاری بۆ خەرجی پێویست بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ