رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی گشتیی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاری زیادکردنی سەپاندنی باج لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر وڵاتان، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە هیچ هەناردەیەکەیان بۆ ئەمریکا نییە.
02ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێناسی گومرگی بە رێژەی جیاواز بەسەر هەموو کاڵایەکدا سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت، لەنێویاندا 39% گومرگی لەسەر کاڵای عێراقی دانا.
شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی گشتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، ئەمڕۆ (شەممە، 5-4-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکەی ترەمپ هیچ کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە هیچ کاڵایەکمان نییە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئەمریکای بکەین".
شێخ عەتا دەڵێت، "بۆ هەندێک وڵات، هەندێک کاڵا هەناردە دەکەین بۆ نموونە؛ ئاوی سلێمانی دەنێردرێتە بەریتانیا، هەنارمان هەناردەی دووبەی و بەریتانیا کردووە، پەتاتە هەیە بۆ سعودیەی دەنێرین، پێستە و خووریش هەناردەی ئێران دەکرێت."
دوای بڕیارەکەی ترەمپ، د. مەزهەر محەممەد، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا نەوت و گاز ناگرێتەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت؛ کاریگەریی ئەو هەنگاوە بۆ سەر عێراق سفر دەبێت، چونکە عێراق هیچ کاڵایەکی دیکەی هەناردەکراوی بۆ ئەمریکا نییە تاوەکو پێناسی گومرگی بەسەردا بسەپێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ