گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر: رێککەوتنی نیمچەکۆتایی لەسەر بودجە هەیە

04-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، رێککەوتنی نیمچە کۆتایی لەبارەی مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین ئەو رێککەوتنانەی لەسەر رەشنووسی بودجە کراون. دەشڵێت "بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی رەشنووسی بودجە تایبەت بە مادەکانی 13 و 14، هەڵدەپەسێردرێن بۆ دوای پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق". 
 
رۆژی یەکشەممە، 4-6-2023 ئەحمەد وەندی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەبارەت بە رەشنووسی بودجەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی دوایین ئەو رێککەوتنانەی لەبارەی رەشنووسی بودجەوە هەن، پەسند بکرێن".
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتیشی "رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نیمچە کۆتایی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی داراییەوە کراوە و بڕیارە پێش 10ـی ئەم مانگە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسندکردنیان".
 
لەبارەی چارەسەرکردنی خاڵە جێی ناکۆکییەکانی ئەو دەستکارییانەی لیژنەی دارایی لە رەشنووسی بودجەدا کردوویەتی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە؛ لایەنە ناکۆکەکان رێککەوتوون ئەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی کردوویەتی و پەیوەندییان بە نەوت و گازەوە هەیە، بۆ دوای پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز هەڵپەسێردرێن، بابەتە دارایی و یاساییەکانیش لەسەر بەشێکی زۆری رێککەوتن کراوە، واتە بەشێک لە خاڵەکانی هەردوو مادەی 13 و 14 وەکو پێشتر و بەبێ دەستکاری دەمێننەوە".
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەهۆی درەنگکەوتنەوە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان هەیە لەسەر ئەوەی تاوەکو چەند رۆژی کەمی داهاتوو، رەشنووسی بودجە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی پەسندبکرێت و بکرێتە یاسا.
 
شەوی پێنجشەممە، 25-5-2023 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراقی پەسندکرد کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان. لیژنەکە دەستکاریی ژمارەیەک بڕگەی ئەو دوو مادەیەی کرد، کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، گۆڕانکارییەکانی پرسی نەوت (داهات، هەناردە، هەژماری بانکی، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و نەینەوا)، ناکۆکی لەنێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی، بەکارهێنانی داهاتەکان و راکێشانیان، پاشەکەوتی مووچە و چەند پرسێکی دیکەی تێدایە، کە تەواو جیاوازن لەو رەشنووسەی حکومەتی عێراق رەوانەی لیژنەی دارایی کردبوو. 
 
چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی رێککەوتنەوە بە رووداوی گوت: "ئێمە تێبینی جیدییمان هەبوو لەسەر ژمارەیەک خاڵ، لەوانە؛ پێدانی بودجەی پارێزگا ناڕازییەکان لەلایەن بەغدا، دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا، رێگەپێدان بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی پارە لە داهاتەکان و چەند خاڵێکی دیکە، بەڵام ئەوانە سەرەکی بوون، ئێستا رێککەوتن لەسەر ئەوە هەیە بەشێک لە خاڵەکان وەکو خۆیان بمێننەوە، واتە وەکو ئەوەی لە رەشنووسی بودجەی نێردراوە لەلایەن حکومەتەوە هەیە."
 
سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانیش چیایی تەیموور گوتی "هەرچی پەیوەندیی بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستانەوە هەیە، هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، هەرێمی کوردستان کێشەی نییە هەناردە دەکرێت یان لەنێوخۆ بەکاردێت، هەروەها یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق رێگە بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەدات پارە لە هەژمارە بانکییەکە رابکێشێت، هەرێمی کوردستان کێشەی ئەوەشی نییە ئەو هەژمارە بانکییە لەنێوخۆی عێراق بێت".
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە؛ گۆڕانکارییەکانى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەى زیادکردنى دەسەڵاتى کۆمپانیاى سۆمۆیە لە کەرتى نەوت و ناچارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە چەند رێوشوێنێکى تایبەت بە پشکەکەى و خەرجکردنى.
 
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 13ـی رەشنووسەکە، هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پابەندکراون بە رادەستکردنی لانیکەم 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هەناردەبکرێت یان بۆ بەکارهێنانی لەنێوخۆدا لەلایەن پاڵاوتگەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی یان ئەو پاڵاوگانەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە و داهاتەکانی کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
 
لەکاتێکدا لە رەشنووسی پێشووی بودجە دەبوو هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل هەناردە بکات لەگەڵ هەناردەی عێراق، واتە هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیلی کوردستان بۆ دەرەوە یەکلاییکرابووەوە، بەڵام لە رەشنووسە نوێیەکە هەناردەکردن کراوەتە ئەگەر.
 
گۆڕانکاریی دووەم پەیوەستە بە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان، لەکاتێکدا بەپێی رەشنووسی پێشووی بودجە ئەو بڕەی دیاریکرابوو بە 400 هەزار بەرمیل، بەڵام لە رەشنووسە نوێیەکە نووسراوە "لانیکەم 400 هەزار بەرمیل" جگە لەوەش بڕگەی 11ـی مادەی 14 هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا.
 
بەپێی بڕگەی دەیەمی مادەی 14، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبن بە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا کە ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێنرێت، بەمەش بەپێی رەشنووسی بودجە کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەستکاری کراوە، هەرێمی کوردستان مەترسی لەدەستدانی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.