رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، یاسای بودجە ئەو كاره لهپێشینانهی لەبەرچاو گرتووە کە پهیوهستن به پێداویستییە سەرەكییهكانی تاک و خێزان و بژێوی هاووڵاتییان، راشیگەیاند حکومەتەکەی پێداچوونەوە بەو بڕگانەی یاساکەدا دهكات، کە لە بودجەدا هەمووارکراون و پەسندکراون.
بە بۆنەی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەوە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی هاووڵاتییانی عێراق، سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد.
سوودانی دەڵێ، "ئەو بودجەیەی، ئەنجوومەنی وەزیران لە 13ـی ئادار دەنگی لەسەر داوه، ئەو كاره لهپێشینانهی لەبەرچاو گرتووە کە پهیوهستن به پێداویستییە سەرەكییهكانی تاک و خێزان و بژێویی هاووڵاتییان؛ حكومهت هەوڵدەدات خواستەکانیان بهوهی چاوەڕێی دەکەن لە حکومەت، بهدیبهێنێت لە پڕۆژەکانی خزمهتگوزاری و ئاوهدانكردنهوه و ژێرخانی ئابووریدا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بە پێشكێشكردنی بودجەی سێ ساڵی، حکومەتەکەی داكۆكی لهسهر دیدگەی "چاکسازی كردووە. ئەم دیدگایە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان به داهاتە نانەوتییەکان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت دووپاتدەکاتەوە".
سوودانی باسی لەوەش کردووە کە حکومەتەکەی پێداچوونەوە بەو بڕگانەی پڕۆژەیاساکەدا دهكات کە دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەماندا هەموار کراون و دواتر پەسندکراون.
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (12-6-2023) پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا و بڕیارە رادەستی سەرۆککۆماری عێراق بکرێت.
بڕی ئەو پارەیەی بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک، نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارىش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ