رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین خەریکە دەگاتە 100 هەزار دۆلار. ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی یەک بیتکۆین بە 95 هەزار و 40 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بیتکۆین لە ئەمساڵدا دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بە تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 40٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. گەشبینی بە هاتنەسەرکاری ئیدارەی ترەمپ و دانانی یاسا و رێسای پەیوەست بە دراوە دیجیتاڵییەکان، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین دادەنرێت.
جگە لە دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی بە لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان دەزانێت، لە کۆنگرێسی ئەمریکا چەندین کەسایەتیی ناوداری لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان دەنگیان بەدەستهێناوە و هەڵبژێردراون.
لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە چوار ملیار دۆلار لە سندووقی ئاڵوگۆڕی بیتکۆین وەبەرهێنان کراوە کە لە بازاڕی بۆرسەی ناسداک تۆمارکراوە. ئەو سندووقە تەنیا سندووقێکی وەبەرهێنانە لە مامەڵەکانی بیتکۆین کە مۆڵەتی لە کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕ و پشکەکانی ئەمریکا وەرگرتووە.
هەروەها بەهای پشکەکانی کۆمپانیای (مارا هۆڵدینگ) کە کاری ماینینگی بیتکۆین دەکات، بەڕێژەی 14٪ بەرزبووەتەوە. هەموو ئەو هۆکارانە هێمایەکن بۆ ئەوەی خواست بۆ وەبەرهێنان لە دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین زیادبووە.
ویل پێک، سەرۆکی سامانە دیجیتاڵییەکانی سەر بە کۆمپانیای (ویسدۆم تری) لەوبارەیەوە دەڵێت، زۆر کەس چاوەڕێن بۆئەوەی بزانن ئایا ئیدارەی نوێی ئەمریکا یاسا و رێسای پەیوەست بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەردەکات یان نا، بەڵام بەگوتەی ئەو، هێشتا زووە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ