رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کردووە؛ " هەواڵێکی خۆش هەیە و چاوەڕێی پێشهاتێکی باش دەکەین."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، لە لیژنەی بودجە و پلانی پەرلەمانی تورکیا دا کە تاوتوێی بودجەی ساڵی 2025ـی وەزارەتی دەرەوە کرا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە باسی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کرد و گوتی: "هەواڵێکی خۆش هەیە. بە تایبەت لەبارەی کردنەوەی هێڵی بۆرییەکە چاوەڕێی پێشهاتێکی باش دەکەین. ئامادەکارییەکانمان کردوون بۆ ئەوەی پەنا بەخودا هێڵی بۆرییەکە بکرێتەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، فیدان گوتی: "پەیوەندییەکانمان زۆر باشن. هەوڵدەدەین کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکەین." گوتیشی: "ئێمە تاکە پارێزەری کوردانی رۆژهەڵاتی و باشووری وڵاتەکەمانین. ئەمە مێژووە و ناتوانین بیگۆڕین."
هاوکات، باسی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی کرد، کە لە بەندەری فاوەوە لە بەسرە دەستپێدەکات و بەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دا دەپەڕێتەوە بۆ تورکیا. فیدان گوتی: "تورکیا گرنگی بەم پڕۆژەیە دەدات. بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، بۆ یەکەم جار مژارێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی کە لەبارەی ئەو دەروازە سنوورییەی کە رێگەی گەشەپێدانی پێیدا دەپەڕێتەوە، بژاردەی خۆیان لەسەر هیچ لایەنێک ناسەپێنن؛ دەبێت هەولێر و بەغدا کۆببنەوە و لەسەر ئەم مژارە بڕیاری خۆیان بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ