رووداو دیجیتاڵ
ملوانکەی زێڕینی گیژنیژ، دوای ئەوەی بە فەرمی بەڵگەنامەی براندی تایبەتیی ئامەدی باکووری کوردستانی پێدرا، زیاتر لەلایەن ژنانەوە دەبێتە باو.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، رۆژی 18-11-2024 رایگەیاند، ملوانکەی گیژنیژ کە بەرهەمێکی زێڕی بازاڕەکانی ئەو شارەیە، بەڵگەنامەی براندی پێدرا و ئیدی بەرهەمێکی تایبەتە بە ئامەد.
ئەو پێشهاتە وایکردووە داواکاری لەسەر ئەو ملوانکەیە لە ئامەد و شارەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر بێت.
مستەفا ئاککوڵ کە سێ خول سەرۆکی ژووری زێڕنگران و خشڵسازانی ئامەد بووە، ئەو هەنگاوەی بە دەستکەوتێکی مەزن بۆ ئامەد وەسفکرد و گوتی، "ملوانکەی گیژنیژ کە بەرهەمێکی تایبەت بە زێڕنگرانی ئامەدە و کاری دەستییە، نرخەکەی لە 200 هەزار لیرە (نزیکەی 5800 دۆلار) دەستپێدەکات، تا ملیۆنێک لیرە (نزیکەی 29 هەزار دۆلار) و کڕیاری زۆرە."
ملوانکەی گیژنیژ لە زێڕی عەیار 14 و 22 دروستدەکرێت. شێوازەکەی بە تەواوەتی بە دەست دروستدەکرێت و پێویستە ئەو وەستایەی دروستی دەکات، ساڵانێک ئەزموونی هەبێت.
ئەو ملوانکەیە لە 500 پارچە پێکدێت و هەر بەشێکی ئەستێرەیەکی شەش پاڵوییە.
مستەفا ئاککوڵ کە خاوەن 27 ساڵ ئەزموونە لە بواری زێڕنگری و خشڵسازیدا، باس لەوە دەکات، تا دێت داواکاری لەسەر ئەو جۆرە ملوانکەیە کە ئێستا براندی تایبەتیی ئامەدە، زیاتر دەبێت. هەروەها رایگەیاند لە چەند شارێک هەوڵی دروستکردنی گیژنیژ دەدەن، بەڵام ئەگەر لێی وردببنەوە، هەستی پێدەکەن کە ئەوە دەستکاری ئۆرجیناڵی ئامەد نییە.
گژنیژ، گیایەکی سەوزە کە بەرزاییەکەی دەگاتە 50 سانتیمەتر؛ گەڵاکانی پان و لق لقن، لە بنەوە گەورە و لە سەرەوە بچووکتر دەبن. گوڵەکانی سپی یان پەمەیین. دەنکۆڵەکانی بچووک و خڕن، کاتێک پێدەگەن ڕەنگیان دەبێتە قاوەیی روون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ