رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری تۆمارکردنی هەردوو دۆڵی مونزوور و پلەموورییە لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان لە لیستی ئەو ناوچە هەستیارانەی کە دەبێت بپارێزرێن، دێرسمییەکانی دڵخۆش کردووە.
بەردییە ئاکچیچەک، هاونیشتمانی دەڵێت، "من دەمەوێت هەرچی کۆمەڵگاکەمان دەیەوێت ئەوە بکرێت، ئەم بڕیارەش لەمەودوا نەگۆڕدرێت. دەمەوێت دەستکاریی جوگرافیاکەمان نەکەن، بۆ دەرهێنانی کانزا و زێڕ ئەم خاکە وێران نەکەن، بەو شێوەیە بمێنێتەوە و ئەوەم دەوێت."
رۆژی 29ی ئاب بڕیارەکە بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، ئەوەش دێرسمییەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
لەپاڵ دڵخۆشیی بەشێكی زۆری هاونیشتمانییان بەوەی ژینگە و سرووشتی ناوچەکەیان پارێزراو دەبێت، بەشێکیشیان بە گومانەوە لە بڕیارەکە دەڕوانن.
بولەنت یوکسەل، هاونیشتمانی دەڵێت، "زۆر مەراق دەکەم، 20 - 30 ساڵە خەڵکی دەڵێن دەست لە مونزوور مەدەن و بەنداو دروست مەکەن. مادام ئەم بڕیارە دروستە، بۆچی ساڵانێک لەمەوبەر ئەم بڕیارەتان نەدا؟ خەڵک چەندین ساڵ بە درووشمی (دەست لە مونزور مەدەن) رێپێوانیان کرد، ئەم خەڵکە بۆ وڵات و بۆ نیشتمان ئەو کارەیان کرد."
موسا کوللو، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوی دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو کەس دەزانێت ئەو دۆڵەی ئاوی مونزووری تێدا دەڕژێت و ئەو شوێنەی کە دۆڵی پولمورییە لێیە، 70 ساڵ لەمەوبەر وەکو پارکێکی نیشتمانی ناسێندرا؛ بەڵام حکومەت هەرگیز پابەندی ئەو بڕیارە نەبووە. دارستانی سووتاند، رێگە دەدرێت بە دەرهێنانی کانزا، رێگە بە هەموو شتێک دەدرێت، بەڵام ناوی پارکی نیشتمانییە. ئەم بڕیارە نوێیە کە بە واژۆی تەیب ئەردۆغان دەرکراوە، خۆی کارەساتێکی نوێیە."
دۆڵی مونزوور و پلەموورییە لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە وەکو پارکی نیشتمانی ناسێندراون.
سەرباری ئەوە، لە 20 ساڵی رابردوودا لە دێرسم 145 پڕۆژەی دەرهێنانی کانزا کاریان تێدا دەکرێت، ساڵی رابردووش کارکردن بۆ دەرهێنانی کانزا لە شەش پڕۆژەی نوێ راگەیێندرا.
ژینگە و سرووشتی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ