رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو بازاڕێکی تایبەت بە کریسمسدا کرد. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، 60 بۆ 80 کەس بریندارن و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
رۆژی هەینی 20-12-2024 دەزگا فریاگوزارییەکانی شاری مارگدێبورگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا رایانگەیاند، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو بازاڕێکدا کردووە کە بۆ رۆژی کریسمس رازێنراوەتەوە.
لەبارەی ناسنامەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەوە، پۆلیسی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند: "شۆفێرەکە سعودییە و پیشەی پزیشکە، لە ساڵی 2006ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی."
گوتەبێژێکی پۆلیسی شارەکە بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 60 بۆ 80 کەس لە رووداوەکەدا برینداربوون.
هاوکات، رۆژنامەی 'بیڵد'ـی ئەڵمانی باس لە کوژرانی 11 کەس دەکات.
پۆلیسی ئەڵمانیاش گوتی: "شوفێرەکە دەستگیرکراوە."
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "بیرم لای قوربانییەکان و خێزانەکانیانە. لەگەڵ ئەوان و هەموو شاری ماگدێبورگ دەوەستین. سوپاسی تیمە فریاگوزارییەکان دەکەین."
رێینەر هاسلۆف، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی ساکسۆنی ئانهالت رایگەیاند: "ئەمە رووداوێکی زۆر خراپە، بەتایبەت ئێستا کە لەنێو کریسمسداین."
ماتیاس شوپ، گوتەبێژی حکومەتی ساکسۆنی ئانهالت گوتی: "رووداوەکە هێرش بووە."
مایکل رێف، گوتەبێژی شاری ماگدێبورگ رایگەیاند: "گومان دەکەین ئەمە کردەوەیەکی خۆویستانە بووبێت."
چەند شایەتحاڵێک بە میدیای ئەڵمانیایان گوت، شوفێرەکە راستەوخۆ بۆناو خەڵک رۆیشتووە. بەگوێرەی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا، شۆفێرەکە بە رەچەڵەک خەڵکی سعودیە یە.
شاری مارگدێبورگ دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەرلین و پایتەختی هەرێمی ساکسۆنی ئانهالتە. شارەکە نزیکەی 240 هەزار کەسی لێدەژی.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژی 19-12-2016 کەسێک کە دواتر بە "پەڕگیرێکی ئیسلامی" ناوبرا، بە بارهەڵگرێک خۆی بە نێو مارکێتێکی بەرلیندا کرد کە بۆ کریسمس رازێنرابووەوە. لە رووداوەکە 13 کەس گیانیان لەدەستدا. هێرشکارەکە دوای چەند رۆژێک لە ئیتاڵیا کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ