نەمسا پێداچوونەوە بە مافی پەنابەری سووریاییەکان دەکات

20-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری نەمسا رایدەگەیێنێت، پێداچوونەوە بە دۆخی ئەو پەناخوازە سووریاییانە دەکەن کە لە پێنج ساڵی رابردوو، روویان لەو وڵاتە کردووە. 
 
کارل نێهامەر، راوێژکاری نەمسا رۆژی پێنجشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "رووخانی رژێمی ئەسەد بووەتە هۆی ئەوەی دۆخی سووریا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئێستا پێداچوونەوە بە شایستەیی پاراستنی ئەو سووریاییانە دەکەین کە کەمتر لە پێنج ساڵە لە وڵاتەکەمانن."
 
سووریاییەکان لە پێنج ساڵی رابردوودا زۆرترینی ئەو کەسانە بوونە کە داوای مافی پەنابەرێتییان لە نەمسا کردووە. یاسای نەمسا لە هەندێک باردا رێگە دەدات مافی مانەوە لەو کەسانە بسەندرێتەوە کە کەمتر لە پێنج ساڵە مافی مانەوەیان پێدراوە. 
 
قسەکانی راوێژکاری نەمسا لەکاتێکدایە، حکومەتی وڵاتەکە پێشتر رایگەیاندبوو، لە دوای کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد، هەر پەناخوازێکی سووریایی بچێتەوە وڵاتەکەی، بڕی هەزار یۆرۆی پێدەدرێت.
 
وەکو زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، حکومەتەکەی نێهامەر لەژێر گوشاری پارتە راستڕۆکان دایە، داوای سیاسەتێکی تووندتر بەرامبەر کۆچبەران دەکەن.
 
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، گێرارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی پلانێک بۆ ناردنەوەی کۆچبەرە سووریاییەکانی ئەو وڵاتە رابگەیێنن.
 
لە پێنج ساڵی رابردوو، زیاتر لە 95 هەزار سووریایی داوای مافی مانەوەیان لە نەمسا کردووە و 40 هەزاریان داواکەیان قبووڵ کراوە و مافی مانەوەیان پێدراوە.
 
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی نەمسا، پلانەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە "تاوانیان کردووە، ئەوانەی نایانەوێت خۆیان لەگەڵ بەها کولتوورییەکانی ئەورووپا و نەمسا بگونجێنن و ئەوانەشی کە نایانەوێت کار بکەن و تەنیا لەسەر خزمەتگوزارییەکانی سۆشیاڵ دەژین".
 
وەزارەتی ناوخۆی نەمساش رایگەیاندووە، هەموو داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتیی سووریاییەکانی راگرتووە.
 
جگە لە پێدانی مافی پەنابەرێتی، نەمسا پڕۆگرامی یەکگرتنەوەی خێزانیشی وەستاندووە، سووریاییەکان لەو رێگەیەوە دەیانتوانی مافی پەنابەری وەربگرن، ئەگەر ئەندامێکی خێزانیان لە وڵاتە ئەورووپییەکە بووایە.
 
ئەو بڕیارەی نەمسا لەکاتێکدایە، رۆژی 8ـی کانوونی یەکەم، گرووپە چەکدارەکانی سووریا رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند و ئێستا وڵاتەکە لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە بەڕێوەدەبرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئەسما ئەسەد

ئەسما ئەسەد بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەریتانیا

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە هاوژینەکەی سەرۆکی پێشووی سووریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی رۆڵیشی لە کارەکانی سەرۆک دا، بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی بکەن و بگەڕێتەوە.