رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گفتوگۆی تووند لەسەر پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی حکومەت تاوەکو ئاداری داهاتوو دەکرێت، پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنەکە و ئەنجوومەنی پیرانەوە ئامادەکرابوو کە زۆرینەیان کۆمارین، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێویستی نەهێنا.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، "لەم دەنگدانەدا، 174 دەنگیان بەڵێن و 235یان نەخێر. دوو لەسەر سێی دەنگی ئامادەبووانی نەهێنا بۆیە پڕۆژەکە راگیرا و دەنگی پێویستی نەهێنا."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لانیکەم 40 ئەندامی کۆمارییەکان دەنگیان بە پڕۆژەکە نەداوە.
هۆکاری سەرەکیی دەنگنەدان بە پڕۆژەکە ئەوە بوو کە بە پەسندکردنی، خەرجییەکانی حکومەت بە تریلیۆنان دۆلار زیادیان دەکرد و وڵاتی رووبەڕووی قەرزی دیکە دەکردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا حکومەتی وڵاتەکە نزیکەی 36 تریلیۆن دۆلار قەرزارە. دیموکراتەکان گومانیان لەوەیە ئەمە پلانێکی کۆمارییەکان بێت بۆ پەکخستنی حکومەتی ئێستا.
حەکیم جێفری، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "پڕۆژەکەی جۆنسن و مەسک جدی نەبوو. ئەمە پێکەنیناوییە. کۆمارییەکان حکومەت بەرەو داخستن دەبەن."
بڕیارە ئەمڕۆ بۆ دوایین جار گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکە بکرێت. ئەگەر دەنگی پێویست نەهێنێت، لە رۆژی شەممەوە بەشێکی حکومەتی ئەمریکا دادەخرێت.
ئەوە کاریگەری لەسەر خەرجکردنی مووچەی دوو ملیۆن کارمەندی حکومەت، پارەدارکردنی ئاژانسی پاراستنی سنوور، ئیدارەی پارکە نیشتمانییەکان و چەندین دامەزراوەی دیکەی وڵاتەکە دەبێت.
ئەو بابەتە بۆچوونی جیاوازی لە نێو ئەمریکییەکان دروستکردووە.
نانسی رۆنک، هاووڵاتیی ئەمریکییە و دەڵێت، "پێموایە ترەمپ کارێکی زۆر باش دەکات. ئەو چاودێریی شتەکان دەکات و شتەکان رێکدەخات. پێموایە ئەو یەکەم کاری باشی کرد لەم چوار ساڵەیدا."
ریتا دێکستەریش دەڵێت، "کارمەندانی حکومەتی فیدراڵی لە نادڵنیاییدان. شتەکان گرانن و نازانن ئایا کارەکەیان دەمێنێت یان نا. ئەمە مەترسیدارە."
ساڵانە بودجەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولدا دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام ئەم ساڵ پڕۆژەیاساکە دەنگی پێویستی نەهێنا، بەڵام ئەندامان رێککەوتن بە پارەدارکردنی حکومەت تاوەکو 20ی کانوونی یەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ