وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: بەهۆی تووندوتیژییەکان خەڵکی کۆبانێ دووبارە تووشی دڵەڕاوکێ بوون

20-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری لەبارەی دۆخی سووریا دا و رایگەیاند، ئەگەری روودانی "تووندووتیژییەکی نوێ" لەو وڵاتەدا هەیە. 
 
رۆژی هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێش ئەوەی بەرەو تورکیا بەڕێبکەوێت لە راگەیێندراوێکدا گوتی، خەڵکی کۆبانێ "بەهۆی ترسییان لە روودانی تووندووتیژییەکی نوێ، دووبارە تووشی دڵەڕاوکێ بوون."
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: "ئەوانەی کە ئاشتییان دەوێت لە ناوچەکە، نابێت یەکپارچەیی خاکی سووریا تێکبدەن."
 
تورکیا هەزاران سەربازی لە باکووری سووریا هەیە، هەروەها پاڵپشتی لە چەکدارەکانی هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئازادیش دەکات، کە ناوە ناوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات. 
 
بێربۆک هەروەها ئاماژەی بە دووبارە بنیادنانەوەی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەرەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کرد و گوتی، "ئەو پرۆسەیە [پڕۆسەی گەڕانەوەی پەنابەرەکان] دەبێت لە بەرژەوەندی حکومەتی تورکیا بێت، بەوپێیەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن پەنابەری سووریایی لە تورکیا دەژین."
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریشیدا لەوەی کە سووریا نابێت ببێتە "یاری دەستی زلهێزە بیانییەکان یان ببێتە مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ گرووپە تووندڕەوەکان."
 
لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرووپە چەکدارەکان، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکردن و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.
 
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
 
دووەم جارە لەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی کۆبانێ دەکات. رۆژی 17ـی ئەم مانگەش، بێربۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "کۆبانێ سیمبولی شەڕی ئازایانەی کوردەکانە لە دژی داعش. لەدوای 14 ساڵ لە جەنگ، نابێت چیدیکە خوێنڕشتن بەرۆکی خەڵکەکەی بگرێت."
 
لە نوێترین هەڵوێستیدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدێڵن.
 
ئەمڕۆش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێش ئەوەی لە لووتکەی قاهیرە بەرەو وڵاتەکەی بەڕێبکەوێت بە رۆژنامەڤانانی گوت: "داعش، پەکەکە و لق و پۆپەکانیان، کە هەڕەشە لەسەر مانەوەی سووریا دروست دەکەن، دەبێت بنبڕ بکرێن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئەسما ئەسەد

ئەسما ئەسەد بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەریتانیا

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە هاوژینەکەی سەرۆکی پێشووی سووریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی رۆڵیشی لە کارەکانی سەرۆک دا، بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی بکەن و بگەڕێتەوە.