رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "زۆر تووڕە" و " بێزار " بووە کاتێک ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە سەرکردایەتیی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت، گوتی ئەو لێدوانانە "لە شوێنی دروستدا نین."
رۆژی هەینیی رابردوو، پووتین داوای کرد "حکومەتێکی کاتی و راگوزەر" لە ئۆکراینا دابمەزرێت و زیلینسکی دووربخرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 30-03-2025، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کریستین وێڵکەر، پێشکێشکاری بەرنامەی (Meet The Press) لە ئێن بی سی نیوز بە تەلەفۆن قسەی کردووە. بەگوتەی وێڵکەر، ترەمپ گوتوویەتی: "ئەگەر رووسیا و من نەتوانین رێککەوتنێک بۆ وەستاندنی خوێنڕشتنی ئۆکرانیا بکەین، ئەگەر من پێموابێت ئەوە هەڵەی رووسیایە، کە رەنگە وانەبێت، بەڵام ئەگەر من پێموابێت ئەو جەنگە هەڵەی رووسیایە، ئەوا من پێناسی گومرگی دەخەمە سەر هەموو ئەو نەوتەی لە رووسیاوە دێتە دەرەوە."
ترەمپ گوتی: "ئەمەش واتا ئەگەر تۆ نەوت لە رووسیا بکڕیت، ناتوانیت لە ئەمریکا کار بکەیت، باجی %25 بۆ %50 دەخرێتە سەر هەموو نەوتێکی رووسیا."
ترەمپ هەروەها گوتی، پووتین دەزانێت تووڕەیە، بەڵام "من پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ پووتین هەیە، ئەگەر ئەو شتە راستەکان بکات، ئەو تووڕەییە بە خێرایی دەڕەوێتەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، لەم هەفتەیە لەگەڵ پووتین قسە دەکات.
لێدوانەکانی ترەمپ دوای ئەوە هاتن، پێشتر رەخنەی لە زیلینسکی گرت و گوتی: "لە شێوازی مامەڵەکردنی زیلینسکی لەگەڵ جەنگ بێزارم." جارێکیش بە "دیکتاتۆر" سەرۆکی ئۆکراینای وەسفکرد.
کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، بەڵێنێکی ترەمپ بوو کە بەردەوام لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن باسی دەکرد. هەر لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ توانی نێوەندگیریی تیمی ئۆکراینا و رووسیا بکات و لە سعودیە کۆیان بکاتەوە.
هەفتەی رابردوو رووسیا و ئۆکراینا گەیشتنە نیمچە ئاگربەستێک بڕیاریان دا هێرش نەکەنە سەر ژێرخانی وزەی یەکدی، هەروەها رێگە بە کەشتییەکانی دەریای رەش بدرێت بە ئازادی بجووڵێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ