رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات بەوەی ئەگەر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی رێکنەکەون، ئەوا بۆمبارانی دەکات.
ترەمپ کە دەیەوێت گفتوگۆی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران بکات، پێشتریش هەڕەشەی لێکردووە، بەڵام هەرگیز بەم رادەیە تووند نەبووە.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا بە کەناڵی سی بێ ئێس نیووزی ئەمریکی گوت: "ئەگەر ئەوان [لەگەڵمان] رێکنەکەون، بۆمبباران روودەدات. بۆمببارانێک دەبێت کە هەرگیز پێشتر شتی وایان نەبینیوە."
رۆژی چوارشەممە، ئێران لە رێگەی عومانەوە، بە فەرمی وەڵامی نامەیەکی ترەمپی دایەوە کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازیکردبوو گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن، ئەگەر نا، بژاردەی دیکە لە دژی ئێران بەکاردێنێت.
ترەمپ لە نامەکەیدا دوو مانگ مۆڵەتی بە ئێران دابوو بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ بکات، بە پێچەوانەوە دەکرێت ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە، وەڵامی ئێران بە دەستی ترەمپ بگات، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا گەیشتووە یان نا.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی یەکشەممە گوتی، تاران لەم ساتە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکات، بەڵام جەختیکردەوە کە لە نامەکەیاندا بۆ ترەمپ، بژارەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان دوورنەخستووەتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسیارێتی بونیاتنانەوەی متمانە لە ئەستۆی ئەمریکادایە، چونکە ئەوە ترەمپ بوو کە ساڵی 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، سوپای ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی راداربەزێن لە جۆری بی 2ی ناردنە بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی، کە بە گوتەی میدیای ئەمریکی، پەیوەندیی بەو مۆڵەتە دوو مانگییەوە هەیە کە ترەمپ بە ئێرانی داوە.
ئەو فڕۆکە جەنگییانە دەتوانن بۆمبی گەورەی حەشارشكێن هەڵگرن کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییە ژێرزەوینییەکانی ئێران، رۆڵی گرنگیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ