جیهان

دیمەنی شەقامێکی میانمار کە بەهۆی بەهێزیی بوومەلەرزەوە درزی بردووە. وێنەکە 28-3-2025 گیراوە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی سەربازیی میانمار رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکانی رۆژی هەینییەوە، 1,700 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە جگە لەوەی لە تایلاندی دراوسێی میانمار، 18 کەس بەهۆی کاریگەریی بوومەلەرزەکان گیانیان لەدەستداوە.
مین ئونگ هلانگ، سوپاسالاری میانمار کە لە پاش کودەتاکەی ساڵی 2021ـەوە سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دەکات، بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا قسەی کردووە و ئەو ئامارەی پێداوە.
سوپاسالارەکە هەروەها گوتوویەتی، 3,400 کەسیش بریندار بوون و نزیکەی 300ی دیکەش تائێستا بێسەروشوێنن.
ئاماری بوومەلەرزە بەجۆرێکە دەکرێت لە رۆژانی دواتردا زۆر بەرزتر ببێتەوە.
بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی تێكچوونی تۆڕەکانی کارەبای میانمار و هێڵەکانی مۆبایلیش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
دەسەڵاتی سەربازیی میانمار و تیمە تەکنیکییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانە مادییەکانن.
گوڕی بوومەلەرزەکان 7.7 و 6.4 پلەی رێخەتەر بوو؛ بەگوێرەی دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا، چەقی بوومەلەرزەکان 16 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری زاگاینگ لە نێوەڕاستی میانمار بووە.
جگە لە میانمار، بوومەلەرزەکان لە تایلاند، هیندستان، چین و بەنگلادیش هەستیان پێکرا. میانمار هاوسنووری ئەو وڵاتانەیە و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ