رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا زۆر باسی ئەوە دەکرێت 'قاوە لە بنەڕەتدا کوردییە نەوەک چا و، باپیرانمان لە یەکەمی ئەو کەسانە بوون کە قاوەیان خواردووەتەوە' گەنجێکی کورد لە فەرەنسا ئەمە بە یاسا دەسەلمێنێت و بە فەرمی کۆپی رایت بۆ جۆرە قاوەیەکی کوردی وەردەگرێت.
چیرۆکی جۆرە قاوەیێکی کوردی کە ناوی شیکۆرێ کوردییە بۆ ساڵانی 1850 دەگەڕێتەوە، کاتێک خاوەنی دامەزراوەی مارسێل گۆداریی فەرەنسی تایبەت بە قاوە، سەردانی باکووری کوردستان دەکات و لەوێ تامی قاوەی کوردی دەکات؛ ئەو قاوەیەی کورد لەو سەردەمەدا لە قەزوان، گەڵایەک بەناوی شیکۆرێ و فستق دروستیان دەکرد.
خاوەنی دامەزراوە فەرەنسییەکە هەر لە باکووری کوردستان بڕیاری داوە ئەو بەرهەمی قاوەیە هاوردەی فەرەنسا بكات و بەناوی قاوەی كوردییەوە بەرهەمی بهێنێت.
بەرپرسی بەشی کولتووریی ئینیستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر بۆ رووداو باسی ئەوەی کرد، "لەو سەردەمەدا ئەم قاوەیە لە فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بڵاوببووەوە تاوەكو داخرانی دامەزراوەی مارسێل گۆداری لە ساڵی 1930. دواتر چەند وڵاتێك سوودیان لە كارزانیی كورد و ناهەمواریی دۆخی کوردان وەرگرت و قاوەكەیان بەناوی خۆیان بڵاودەكردەوە."
دەشتی عومەر، بەرپرسی بەشی کولتووریی ئینیستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر، ئەو کەسەیە کە داواکاریی پێشکێشی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کردووە بۆ ئەوەی قاوەی کوردی، دووبارە وەک قاوەی کوردی بناسرێت و مافی بۆ کورد بگەڕێتەوە، داواکارییەکەشی لە جەژنی نەورۆز (21-3-2025) پەسند کرا.
دەشتی لەمبارەیەوە دەڵێ "هەركاتێک باسی ناسنامەی نەتەوەی كورد و دۆزی كورد دەکرێت گوێبیستی ناوی فەرەنسا دەبین. نەوەك تەنها لە بواری بەرگریی و كولتووری بەڵكو لە بواری بەجیهانیكردنی دۆزی كورد و ناساندنی كوردیشدا فەرەنسا پشكی شێری بەردەكەوێت، وەك ئەوەی بڵێن فەرەنسا كوردایەتی دەكات."
ئەم نەورۆزە، لەكاتێكدا لە پاریس ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕدرا کە لەلایەن نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئینیستیتوتی فەرەنسی سازکرابوو، بەرپرسی بەشی کولتووریی پەیمانگەی فەرەنسی دەڵێ "ئەوکاتە وەڵامی داواکارییەکەم گەڕایەوە، قبووڵکرا و جەژنەکە بوو بە دوو جەژن."
شیكۆرێ كوردی، یەكەمین ماركەیە لە مێژووی كوردستان دا کە بە ناوی كوردەوە لە فەرەنسا و لە سەرانسەری جیهان بڵاوكراوەتەوە و، بەڵگەیەكی تۆماركراوە لە فەرەنسا، ئەمە وەک دەشتی عومەر جەختی لێ کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ