بایدن خانمێکی کورد بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر دەستنیشان دەکات

30-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
کۆشکی سپی دەڵێت، هێرۆ مستەفا دیپلۆماتێکی "خاوەن ئەزموونە"
کۆشکی سپی دەڵێت، هێرۆ مستەفا دیپلۆماتێکی "خاوەن ئەزموونە"
نیشانەکردن کورد رابەر کوردستانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خانمێکی کورد، کە پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا، بەربژێر دەکات بۆ پۆستی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە میسر. 
 
کۆشکی سپی درەنگی رۆژی چوارشەممە بە کاتی واشنتن، رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێرۆ مستەفای بەربژێرکردووە بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر.
 
هێرۆ مستەفا لە ساڵی 1973 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدایکبووە. ساڵی 1976 خێزانەکەی بەهۆی دەسەڵاتی پێشووی عێراق ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا. 
 
ئەو خانمە کوردە، لە ویلایەتی داکۆتای باکوور گەورە بووە و لەپاڵ کوردی و ئینگلیزی، زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، یۆنانی، پۆرتوگالی و ئیسپانیش دەزانێت. 
 
کۆشکی سپی دەڵێت، هێرۆ مستەفا دیپلۆماتێکی "خاوەن ئەزموونە" و پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2019 تاوەکو ئاداری 2023 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا. 
 
بەگوێرەی کۆشکی سپی، پێش ئەوەش، هێرۆ مستەفا لە عێراق، پورتوگال، هیندستان، لوبنان و یۆنان لە پێگەی باڵای دیپلۆماسیی جیاجیادا کاری کردووە. بەهۆی ئەو بەهرە زۆریەوە، خەڵاتی ماتیڵدا سینکلێری تایبەت بە زمانی پێدراوە. 
 
کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، کە ساڵی 2021 خانمە کوردەکە لەلایەن دامەزراوەی کارنگییەوە وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین ئەو کەسانەی کۆچیان بۆ ئەمریکا کردووە، خەڵاتکراوە. 
 
هێرۆ مستەفا لە زانکۆی جۆرج تاون بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری سیاسەتی دەرەوە و بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی پرنستن بەدەستهێناون. 
 
بەڵگەفیلمی American Herro کە لە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە، باس لە ژیانی هێرۆ دەکات، کە چۆن بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا و 30 ساڵ دوای ئەوە، لەگەڵ کۆندەلیزا رایس، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کاری دیپلۆماسی کردووە.
 
بۆ ئەوەی هێرۆ مستەفا لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکاربێت، پێویستە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پێشنیازەکەی بایدن پەسند بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە