سوێد ژنێک بە تۆمەتی بە 'کۆیلەکردن'ی ژمارەیەک ژن و منداڵی کوردانی ئێزدی دادگەیی دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک داواکاری گشتیی سوێد رایانگەیاند، ژنێکی وڵاتەکەیان تۆمەتبارکردووە بە بەشداریکردن لەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە دژی کوردانی ئێزدی کراون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، داواکارێکی گشتیی سوێد رایگەیاند، ژنێکی سوێدی تەمەن 52 ساڵ تۆمەتبارە بە راگرتنی ژنان و منداڵانی ئێزدی وەکو "کۆیلە" لەنێوان ساڵانی 2014 و 2016. ئەو کارەی ئەو کاتە کردووە کە لە سووریا بووە. ئەو داواکارە دەشڵێت، ئەو ژنە تۆمەتبارە بە "جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و کردنی تاوانی مەترسیدار" وەکو بەشێک لە کارەکانی لەنێو داعش دژی کوردانی ئێزیدی. 
 
ئەو ژنەی تۆمەتبارکراوە پێشتریش لە ساڵی 2022 لەلایەن دادگەیەکی سوێدەوە بە شەش ساڵ بەندکردن سزادرا، ئەمە بەهۆی ئەوەی منداڵە تەمەن 12 ساڵەکەی بردبووە نێو داعش و کردبوویە یەکێک لە چەکدارەکانی ئەو گرووپە. 
 
لەبارەی تۆمەتبارەکەوە، رینا دەڤگن، داواکاری گشتیی پێشکەوتوو لە سوێد رایگەیاند، لەکاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە، راپۆرتی پێویستیان دەستکەوتووە کە "پێیاندەڵێت ئەو ژنە ژمارەیەک کۆیلەی لە رەقە هەبووە" و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. 
 
دەڤگن دەشڵێت، "ئەگەر تۆ ئێزیدییەک لە ماڵەکەتدا بهێڵیتەوە، کاتێک ئەندامی داعشیت یان خێزانی یەکێک لە ئەندامانی داعشبیت و بەم جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت، ئەوا دەڵێم تۆ بەشداریت لە کاری گەورەتر لە دژیان کردووە". 
 
ئەو داواکارە گشتییە پێشکەوتووە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ژنە نۆ کەسی لە ماڵەکەیدا وەکو "کۆیلە" هێشتبووەوە کە سێیان ژن و شەشەکەی دیکەش منداڵ بوون. ئەو ژن و منداڵانە لەنێوان 20 بۆ حەوت مانگ لە ماڵی ئەو ژنەدا هێڵدرابوونەوە و کارەکانی ماڵەوەی پێکردبوون، ژنە سوێدییەکە وێنەی گرتبوون، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی دواتر "بیانفرۆشێت." 
 
بە گوێرەی یاسای سوێد، ئەو ژنە دەکرێت بە زیندانی هەتا هەتایی سزابدرێت. 
 
دادگەی ناوچەی ستۆکهۆڵم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ ئەو ژنە دادگەیی بکرێت و پێشبینیش دەکرێت دادگەییەکە نزیکەی دوو مانگ بەردەوام بێت. 
 
بە گوێرەی دەزگای هەواڵگریی سوێد، نزیکەی 300 هاووڵاتی، یان دانیشتووی وڵاتەکەیان چووبوونە نێو ریزەکانی داعش لە عێراق و سووریا، زۆرینەیان لە ساڵانی 2013 و 2014 ئەو کارەیان کردبوو. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە