پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە

24-10-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن یۆرانیۆم کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی کارکردن لە پرۆژەی کانگەی یۆرانیۆمی دیلەک ڤێردی لە شاری چالدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و، بڕیارە لە سێ ساڵی داهاتوودا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لە ناوچەکە بکرێتەوە.
 
محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، رۆژی دووشەممە (23ی تشرینی یەکەمی 2023) سەردانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و لە رێورەسمێکدا بە فەرمی دەستپێکردنی کارکردنی لە پرۆژەی کانگەی یۆرانیۆمی شاری چالدێرانی سەر بەو پارێزگایەی راگەیاند.
 
بەرپرسی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، "هەوڵدەدەین رەوتێکی پیشەسازیی کانزایی لەم هەرێمەدا دروستبکەین بۆ ئەوەی وێڕای دابینکردنی پێداویستییەکانی رێکخراوی ئەتۆمی، بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە توخمە بەنرخەکانی دیکەی ئەم کانزایە (یۆرانیۆم) وەربگرین."
 
محەممەد ئیسلامی هەروەها گوتی، بە دەستپێکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە، ئابووریی وڵات و پارێزگای ورمێ دەبووژێتەوە و، چەندین هەلی کاریش لە ناوچەکەدا دەڕەخسێت.
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، سەید جەواد ئەحمەدی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرای کرد، پڕۆژەکە بە سەرمایەی 5 تریلیۆن تمەن (100 ملیۆن دۆلار) و لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت، تائێستا نزیکەی 200 ملیار تمەن بۆ دروستکردنی ژێرخانەکانی ئەو پرۆژەیە خەرجکراوە.
 
سەبارەت بە قەبارە و گرنگیی پرۆژەکەش، سەید جەواد ئەحمەدی گوتی، "بەپێی پێشبینییەکانمان نزیکەی 500 هەزار تۆن کانزای یۆرانیۆم و چەندین کانزای دیکە لەو شوێنەدا هەیە و هیوادارین بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران سوود لە بەکارهێنانی ئەو کانزایانە وەربگرین."
 
جێگری سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بە دروستکردنی کارگەیەکی تایبەت بە یۆرانیۆم لە ناوچەکە کرد و گوتی: "لەسەر بنەمای ئەو پلانانەی دانراون، لە 18 مانگی داهاتوودا کار لەسەر تاقیکردنەوەی پرۆسێسینگی کانزا و دروستکردنی ژێرخانەکان دەکەین و دواتر لێکۆڵینەوە لەبارەی دامەزراندنی کارگەیەک دەکەین و هەوڵدەدەین لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا کارگەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لە ناوچەکەدا بکەینەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا

ڤێنسنت کۆمپاس: ئەمریکا پاڵشپتیکاری کوردە

ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، عێراق بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی رابکێشێت، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "کلیلی داهاتوو"ـی عێراق و هەرێمی کوردستان پیشەسازیی نەوت و گازە.