رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە پێویستی خاوەندارێتیکردنی گرینلاند لە لایەن وڵاتەکەیەوە دەکاتەوە و دەڵێت، بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاشتیی جیهانی پێویستییان بەو دوورگەیەیە.
رۆژی هەینی، 28ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەبارەی بابەتی خاوەندارێتیکردنی گرینلاند لە لایەن وڵاتەکەیەوە بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد و گوتی: "گرینلاندمان بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستە... باسی ئاشتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناکەین، بەڵکو باسی ئاشتی جیهانی دەکەین؛ باسی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین."
ترەمپ هەروەها گوتی: "پێویستمان بە گرینلاندە. جیهانیش پێویستی بەوەیە گرینلاند لای ئێمە بێت. ئەگەر ئێمە گرینلاندمان نەبێت، ناتوانین ئاسایشێکی نێودەوڵەتی باشمان هەبێت."
گرینلاند هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری سەر بە دانیمارکە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار هۆشدارییان بە ئەمریکا داوە کە رێز لە سەروەری هەرێمەکە بگرێت.
ترەمپ دەڵێت: "ئەگەر سەیری گرینلاند بکەیت، ئەگەر سەیری رێڕەوە ئاوییەکانی بکەیت، کەشتی رووسیا و چین لە هەموو شوێنێک هەن. پشت بە دانیمارک و هیچ کەسێکی دیکە نابەستین بۆ ئەوەی دۆخەکە چارەسەر بکات."
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەمریکا رۆژی هەینی چوونە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیان لە گرینلاند.
سەردانەکەی ڤانس ناڕەزایی گرینلاندییەکان و بەرپرسانی دانیمارکی لێکەوتەوە و رایانگەیاند، ئەو سەردانە بێ راوێژی ئەوان کراوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە گرینلاند پەیامێکی بۆ دانیمارک نارد و گوتی: "ئێوە کارێکی باشتان بۆ خەڵکی گرینلاند نەکردووە."
ڤانس بە دانیمارکی گوت: "ئێوە لە وەبەرهێنان بۆ خەڵکی گرینلاند کەمتەرخەم بوون و لە ئاسایشی ئەم پارچە زەوییە نایاب و دڵڕفێنەدا کەمتر وەبەرهێنانتان کردووە."
کاتێک پرسیار لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی هێز لێکرا، ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا پێی وا نییە "ئەوە پێویست بێت، بەڵام گرینلاند بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا زۆر گرنگە. ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی گرینلاند لە ئاسایشدا بێت."
رۆژێک دوای ئەوەی ترەمپ لە 20ـی ئەم مانگە دەستبەکار بوو، میوت ئێگید، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند رایگەیاند، گرینلاند دەیەوێت "هاوبەشێکی بەهێز" بێت بۆ ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکی گرینلاند نایانەوێت ببنە ئەمریکی.
چاوبڕینی ترەمپ لە گرینلاند دڵەڕاوکێی لە دانیمارک و سەرتاسەری ئەورووپا دروستکردووە.
ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکێتیی ئەورووپای 27 ئەندامییە و ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، زۆر لە ئەورووپییەکان شۆک بوون بەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا تەنانەت بیر لە بەکارهێنانی هێز دژی هاوپەیمانێک بکاتەوە.
گرینلاند دانیشتووانی 57 هەزار کەسە، بەڵام خاکێکی بەرفراوانە و سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکانی تێدایە.
گرینلاند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە لە جەمسەری باکوور کە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیانی تێدا دەدەن.
هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکە کە گەورەترین دوورگەی جیهانە، لە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە نزیکترە وەک لە دانیمارک.
هەرچەندە کۆپنهاگن بەرپرسیارە لە کاروباری دەرەوە و بەرگری، بەڵام ئەمریکاش بەشێک لە بەرپرسیارێتیی بەرگریی گرینلاندی لەئەستۆیە و بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لەوێ هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ