رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رۆژی هەینی دوو بوومەلەرزەی بەهێز میانماریان هەژاند، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و دوو کەس بەرزبووەتەوە و دوو هەزار و 400 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 29ـی ئاداری 2025، دەسەڵاتی سەربازیی میانمار دوایین ئاماری بوومەلەرزەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێشتا 68 کەس لەو وڵاتە بێسەروشوێنن.
بەرپرسانی میانمار رایدەگەیێنن، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی تێكچوونی تۆڕەکانی کارەبا و هێڵەکانی مۆبایلیش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
دەسەڵاتی سەربازیی میانمار ئاماژە بەوەش دەکات کە زیانێکی زۆری مادی بە ژێرخانی وڵاتەکە کەوتووە و دەڵێت، تیمەکان هێشتا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانە مادییەکانن.
گوڕی بوومەلەرزەکان 7.7 و 6.4 پلەی رێخەتەر بوو؛ بەگوێرەی دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا، چەقی بوومەلەرزەکان 16 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری زاگاینگ لە نێوەڕاستی میانمار بووە.
دەسەڵات لە شەش ناوچە باری لەناکاوی راگەیاندووە و داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.
جگە لە وڵاتانی میانمار، بوومەلەرزەکان لە تایلەند، هیندستان، چین و بەنگلادیشیش هەستیان پێکرا.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەرپرسانی تایلەند بڵاویانکردوەتەوە، تاوەکو ئێستا گیانیانلەدەستدانی 10 کەس پشتراستکراوەتەوە و 100 کرێکاریش لە بانگکۆک بێسەروشوێنن.
میانمار وڵاتێکی ئاسیایە و هاوسنووری تایلەند، بەنگلادیش، چین و بووتانە؛ دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
میانمار لەو وڵاتانەیە بوومەلەرزەی زۆر تێیدا روودەدەن.
هەرچەندە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە، بەڵام تەنیا ساڵانی 1930 تاوەکو 1956، 6 بوومەلەرزە بەگوڕی 7 پلە یان زیاتر وڵاتەکەیان هەژاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ