prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات، بەهۆی ئەگەری هێرشەوە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا گەشت بۆ سووریا نەکەن و ئەوانەیشی لەوێن، دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن.
رۆژی هەینی 28-03-2025 باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە ماڵپەڕی خۆی رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییەکانی "ئەگەری هەیە لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا باڵیۆزخانەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە حکومییەکان ببنە ئامانجی هێرش لە دیمەشق."
باڵیۆزخانەکە هۆشداری داوە: "رێگەکانی هێرشکردن لەوانەیە هێرشی چەکداری و بەکارهێنانی بۆمب و تەقەمەنی بگرنەوە."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە زاری وەزارەتی دەرەوە داوا لە هاووڵاتییە ئەمریکییەکان دەکات، گەشت بۆ سووریا نەکەن و دەڵێت: "مەترسیی تیرۆر، پشێوی، رفاندن، بە بارمتەگرتن، پێکدادانی چەکداری و دەستبەسەرکردن هەیە."
باڵیۆزخانەکە چەند رێنماییەکی بۆ هاووڵاتییە ئەمریکییەکان دیاری کردووە و نووسیویەتی: "دەستبەجێ سووریا جێبهێڵن؛ خۆتان لە کۆبوونەوە و قەرەباڵخی بەدووربگرن؛ لەو شوێنانەی گەشتیار زۆر هەن، وریابن؛ هەر کاتێک دۆخەکە تێکچوو، ئامادەی ئەوەبن خۆتان لە پەناگەیەک بشارنەوە؛ هەمیشە مۆبایلەکانتان بارگاوی بکەن."
لە ساڵی 2012 و لەگەڵ دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کارەکانی هەڵپەسارد.
ئێستا باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییەکانی خۆی دەکات، ئەوانەی پێویستییان بە راوێژی لەناکاوە "پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی چیک لە دیمەشق بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ