رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی تورکیا لە وڵاتانی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 82٪ زیادی کردووە.
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنەکە کە رۆژی چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی 2023 ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە بە رێژەی 18٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 14 هەزار کەس، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە.
لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە تورکیا پلەی سێیەم دێت.
سووریا لە پلەی یەکەم و ئەفغانستان لە پلەی دووەمدایە. لەم رێزبەندییەدا وڵاتانی وەک عێراق، ئێران، سۆماڵ، جۆرجیا و مۆڵدۆڤا لە دوای تورکیاوە دێن.
بەگوێرەی ئامارەکە، 96 هەزار و 147 هاووڵاتی تورکیا بۆ یەکەمجار داوای مافی پەنابەریان کردووە، 37 هەزار و 841 داواکاری بڕیاریان لەبارەوە دراوە، بەڵام 83 هەزار و 964 داواکاری هێشتا لە قۆناخی هەڵسەنگاندندان.
هەروەها 10 هەزار و 457 کەسیش داواکارییەکەیان کشاندووەتەوە. زۆربەی داواکارییەکان ئاراستەی ئەڵمانیا کراوە، دواتر فەرەنسا و نەمسا.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ساڵی 2019ـدا 54٪ـی داواکارییەکان وەرگیراون، بەڵام لە ساڵی 2023ـدا ئەم رێژەیە بۆ 25٪ دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ