رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی جیھان سەرکۆنەی باجە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ھاوردەکراو دەکەن و ھۆشداری لە تۆڵەسەندنەوە و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەدەن.
ئەڵمانیا داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد بە تووندی وەڵام بداتەوە، لەکاتێکدا ژاپۆن رایگەیاند، بیر لە ھەموو کردارێک دەکاتەوە.
لە 03-04-2025ـەوە ئەو بڕیارەی ترەمپ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بریتییە لە دانانی 25٪ـی باجی گومرگی بۆ سەر هەر ئۆتۆمبێل یان پارچەیەکی یەدەگی ئۆتۆمبێل کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێن.
شارەزایان پێشبینی دەکەن نرخی ئۆتۆمبێل بەرز ببێتەوە، کۆمپانیای فێراریی ئیتاڵی رایگەیاند، لە ھەفتەی داھاتووەوە نرخی مۆدێلەکانی هەناردەکراو بۆ ئەمریکا 10٪ بەرز دەکاتەوە.
بازاڕی پشکەکانی جیھان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کرد، کۆمپانیا گەورەکانی بواری ئۆتۆمبێل وەکو تۆیۆتا، ھیۆندای و مێرسێدیز لە داکشانەکەدا لە پێشەنگدا بوون. کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی جەنەراڵ مۆتۆرز، فۆرد و ستێلانتیسیش زیانیان بەرکەوت.
کۆمپانیای ستێلانتیس خاوەنی بڕاندەکانی وەک مازێراتی، جیپ، رام، دۆج، کرایسەڵ، فیات، بیجۆ، ئۆپێڵ، رام، لانسیا، ئەلفا رۆمیۆ و دی ئێسە.
وەکو رێوشوێنێکی بەرپەرچدانەوە، وەزیری دارایی فەرەنسا پێشنیازی کرد ئەورووپاش پێناسی گومرگی بخاتە سەر بەرهەمەکانی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکە کەنەدا و مەکسیک بیر لەوە دەکەنەوە چ رێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی وەڵامی پێناسە گومرگییەکان بدەنەوە.
ترەمپ ھۆشداری دا ئەگەر کەنەدا و یەکێتیی ئەورووپا تۆڵە بکەنەوە، ئەوا رووبەڕووی باجی تووندتریش دەبنەوە.
پێشبینیی زیادبوونی نرخ دەکرێت
شڕۆڤەکارانی جەی پی مۆرگن، کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی ئەمریکی مەزەندە دەکەن کە باجەکان دەتوانن نرخی ناوەندیی ئۆتۆمبێل بە 4000 بۆ 5300 دۆلار بەرز بکەنەوە.
زۆربەی فرۆشەکانی فۆرد لە ئەمریکا 82٪ لە بەرھەمی ناوخۆوە دێت، لەکاتێکدا ستێلانتیس 71٪ و جەنەراڵ مۆتۆرز 53٪ لە ئەمریکا بەرھەم دەھێنن.
ئەنجوومەنی سیاسەتی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی (AAPC) ھۆشداری دا کە دەبێت باجەکان بە وریاییەوە بسەپێنرێن بۆ ئەوەی زیان بە بەکاربەران و کێبڕکێی پیشەسازی نەگەیەنێت.
پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی کەنەدا لەوە دەترسێت کە تێچووی بەرھەمھێنەران و بەکاربەران زیاد بکات، ئەمەش کەرتی ئەو پیشەسازییەی کەنەدا، بەراورد بە وڵاتەکانی دیکە کەمتر دەخاتە نێو کێبڕکێوە.
ترەمپ بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2019 سەبارەت بە ھاوردەی ئۆتۆمبێلی بیانی، ئەو باجانەی دیاریکردووە.
ترەمپ 'فێڵبازی بازرگانی' ئاشکرا دەکات
نیوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا دەفرۆشرێن لە ناوخۆدا دروست دەکرێن، لەکاتێکدا زۆربەی ھاوردەکان لە مەکسیک، کەنەدا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئەڵمانیاوە دێن.
کۆشکی سپی پێشبینیی دەکات ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی ئەمریکا تەنیا نزیکەی 40٪ـی پارچەی ئەمریکیان تێدا بەکارهاتووە.
لەوکاتەوەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ترەمپ باجی بەسەر کەنەدا، مەکسیک و چین، لەگەڵ باجێکی 25٪ لەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆم سەپاندووە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ستانداردەکانی رێککەوتننامەی ئەمریکا-مەکسیک-کەنەدا (USMCA) تێدا دەبێت رەنگە باجی کەمتریان لەسەربێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارچانەی کە بەتەواوی لەگەڵ USMCA دەگونجێن بەبێ باج دەمێننەوە.
سەرۆکی مەکسیک باجەکانی بە نادادپەروەرانە ناوبرد، بەڵام رایگەیاند، وڵاتەکەی تاوەکو مانگی نیسان چاوەڕێ دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر وەڵامێک بداتەوە.
دەرئەنجامە ئابوورییەکان و باجەکانی داھاتوو
سیاسەتەکانی بازرگانیی ترەمپ بازاڕە داراییەکانی نیگەران کردووە و متمانەی بەکاربەرانی لاواز کردووە.
ئەو پێیوایە کە باجەکان داھات دروست دەکەن و پیشەسازیی ئەمریکا دەبووژێننەوە.
شارەزایان ھۆشداری دەدەن کە سەپاندنی باجی 25٪ لەسەر ئۆتۆمبێل، دەتوانێت کاریگەرییەکی مەترسیداری لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا ھەبێت.
ترەمپ ھەروەھا بیر لە سەپاندنی باجی نوێ لەسەر داو و دەرمان، نیمچە گەیەنەر [سێمی کۆندەکتەر] و تەختەدار دەکاتەوە.
ئەو پلانی ھەیە لە 2ـی نیسان رێوشوێنی زیاتری بازرگانی رابگەیەنێت بۆ پیشەسازیی ئەمریکا و ناوی دەنێت "رۆژی رزگاری".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ