ترەمپ دەڵێت لەبارەی خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی 'گاڵتە ناکات'

30-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی ئێن بی سی نیووزی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ بە دووری نازانێت خۆی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێربکاتەوە. پێشتر ترەمپ چەندین جار باسی لەو ئەگەرە کردبوو. 
 
رۆژی یەکشەممە، کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە ترەمپی پرسی تاوەکو چەند لەو قسەیەی جیدییە، ترەمپ گوتی "گاڵتە ناکەم."
 
هەروەها باسی لەوە کرد  "رێگەیەک هەیە" بۆ ئەوەی سەرۆکێک ئەگەر دوو خولی تەواوکردبێت، خۆی بۆ سێیەم خول بەربژێر بکاتەوە. 
 
ملیاردێرە تەمەن 78 ساڵەکە زۆر جار باسی لەوە کردووە، دەکرێت خۆی بۆ خولی سێیەم بەربژێر بکاتەوە، بەڵام قسەکانی رۆژی یەکشەممەی جیدیترینیان بوون و تێیدا ئاماژەی بە پلانەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە کرد. 
 
ترەمپ بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی دەسەڵاتی جێبەجێکاری، دەستی بە خولی دووەمی سەرۆکایەتی کرد، هەروەها ئیلۆن مەسکی راسپارد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە دامەزراوە و ئاژانسەکانی حکومەت. ترەمپ دەڵێت، خەڵکی ئەمریکا ئەم کارانەیان پێ خۆشە و چاوەڕێی زیاتریشی لێ دەکەن. 
 
لە بارەی خۆبەربژێرکردنەوەی، ترەمپ گوتی: "خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت بیکەم. بەڵام من پێیان دەڵێم رێگەیەکی دوور و درێژمان ماوە."
 
بۆ ئەوەی سەرۆکێک بتوانێت خۆی بۆ سێیەم خول بەربژێر بکاتەوە، پێویستە دەستووری ئەمریکا هەموار بکرێتەوە. هەموارکردنەوەی دەستووریش پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران دەبێت. 
 
ترەمپ بە کەناڵی ئێن بی سی نیووزی راگەیاند: "هێشتا زۆر زووە بیر لەوەبکرێتەوە"، بەڵام گوتیشی، هەندێ پلانی بۆ خراونەتەڕوو کە رێگەی پێدەدەن جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک. 
 
پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا دەکرێت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکات و دواتر دەستبەرداری ئەو رۆڵە بێت بۆ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەوە یەکێکە لە رێگەکان".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک رێگەی دیکەش هەن"، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
ئەگەر ترەمپ پشتیوانیی کۆنگرێس بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بەدەستنەهێنێت، ئەوا پێویستە پشتیوانیی دوو لەسەر سێی 50 ویلایەتی وڵاتەکە بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت داوای هەموارکردنی دەستوور بکات. 
 
چ لە رێگەی کۆنگرێس یان ویلایەتەکانەوە دەستوور هەمواربکرێتەوە، پەسندکردنی دەستوور پێویستی بە دەنگی بەڵێی سێ لەسەر چواری ویلایەتەکانە. 
 
بەڵام هیچ یەک لەو رێگانە ئاسان نین، چونکە کۆمارییەکان، واتە پارتەکەی ترەمپ، بەشی پێویست کورسی و جەماوەری نییە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  دیمەنێکی خۆپێشاندانی 'دەستهەڵگرە' لە 5-4-2025 le لۆس ئەنجلسی کالیفۆرنیا، وێنە: AFP

لە 1200 شوێنی ئەمریکا خۆپێشاندان لەدژی ئیدارەی ترەمپ کرا

هەزاران خۆپیشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئەمریکا بە درووشمی "دەستهەڵگرن" لەدژی ئیدارەی ترەمپ وەستانەوە. ئەمە یەکەم خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئەمریکایە، لەوکاتەوەی ترەمپ چووەتەوە کۆشکی سپی.