سپەیس ئێکس ژمارەیەک ئاسمانەوان رەوانەی خولگەی جەمسەرەکانی زەوی دەکات

31-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، کەشتییەکی ئاسمانی رەوانەی خولگەی زەوی دەکات. 
 
کەشتییەکە لە هەموو ئەوانی پێشووتر جیاوازە؛ یەکەمین کەشتی دەبێت، راستەوخۆ بە دەوری هەردوو جەمسەری زەویدا بسووڕێتەوە؛ ئەوانی پێشوو تەنیا بە دەوری کەمەری زەویدا دەسووڕانەوە.
 
کەشتییە ئاسمانییەکە ناونراوە فرام2. چوار ئاسمانەوانی تێدا دەبێت. 3 تاوەکو 5 رۆژ لە خولگەی زەوی دەمێنێتەوە و چەند لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی گۆی زەوی دەکات. 
 
ئەمە یەکەمین کەشتی دەبێت تیشکی سینی (X-ray) بۆ پشکنینی زەوی تێدا دەبێت. 
 
هەروەها لەو ماوە کەمەدا، تاقیکردنەوە لەسەر روواندنی قارچک (کوارگ) لە هێزی کەمی کێشکردندا دەکەن. 
 
ئامانج لەو تاقیکردنەوەیە ئەوەیە؛ بۆ داهاتوو و لە کاتی گەشتکردن لە رێگەی دوورودرێژ بەرەو مەریخ، سوودی لێبینن و بزانن ئایا دەکرێت لەنێو کەشتیی ئاسمانیدا قارچک بڕووێنن. 
 
کەشتییەکە لە کەپسوولی Crew Dragonـی سپەیس ئێکس پێکدێت. بە مووشەکی فاڵکۆن 9، رەوانەی بۆشایی ئاسماندەکرێت. 
 
کەشتییەکە کاژێر 9:46ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە کاتی نێوخۆ (04:46ـی بەیانیی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر)، لە ناوەندی بۆشایی ئاسمانی کێنێدیی سەر بە ناسا لە فلۆریدا هەڵدەدرێت. 
 
چوو وانگ، فەرماندەی کەشتییەکە دەڵێت، "دەمانەوێت داتا و زانستی نوێ لەگەڵ خۆمان بهێنینەوە بۆ ئەوەی پەرە بە ئامانجە درێژخایەنەکانی پشكنینی بۆشایی ئاسمان بدەین."
 
وانگ کە سەرکێشیکارێکی ماڵتایی و هاودامەزرێنەری دوو کۆمپانیای بواری دراوی ئەلیکترۆنییە، هەموو سەرنشینەکانی دیکەی کەشتییەکەی دەستنیشانکردووە کە پێکهاتوون لە: یانیک میکڵسن، دەرهێنەری فیلمی نەرویجی؛ رابیا رۆج، لێکۆڵینڤانی ئەڵمانی لە بواری رۆبۆت و ئێریک فلیپس، پشکنەری ئوسترالیی جەمسەرەکان. 
 
تیمەکە پێشوەخت بۆ ماوەی هەشت مانگ راهێنانی کردووە بۆ ئەوەی بۆ گەشتەکە ئامادەبن. یەکێک لە راهێنانەکان ئەوە بوو ماوەیەک لە ئالاسکا بمێننەوە بۆ ئەوەی بۆ بارودۆخی تووند و دژوار رابێن. 
 
لە کاتی گەڕانەوەشیان بۆ سەر زەوی، سەرنشینان هەوڵدەدەن بێ ئەوەی یارمەتییان بدرێت، خۆیان لە کەشتییەکە بێنەدەرەوە، کە ئەوەش لێکۆڵینەوەیەکی دیکەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کەشتیوانان دوای هاتنەدەرەوەیان لە کەشتی، چی بەسەر توانا جەستەییەکانیاندا دێت.
 
پێشتر ئاسمانەوانان تەنیا لەکاتی گەشتکردن بۆ سەر مانگ، جەمسەرەکانی زەوییان بینیوە، تەنانەت ئەوانەی لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمانیشن، کە لەسەر هێڵی کەمەرەیی بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە، ناتوانن جەمسەرەکان ببینن. 
 
تەنانەت کاتێک کەشتییەکانی ئەپۆڵۆش نێردرانە سەر مانگ، راستەوخۆ بەسەر جەمسەرەکانی زەویدا نەفڕین. 
 
پێشتر سپەیس ئێکس، 5 جار کەشتیوانانی ناردووەتە ئاسمان؛ سێ جار بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئەکسیۆم سپەیس بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان و، دوو جار بۆ ناوچەی سفربوونی هێزی کێشكردنی زەوی لە خولگەی هەسارەکە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە