رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پەیامێکی بۆ سەرۆکی ئەمریکا نارد و دەڵێت، پێویستە پێش سەپاندنی پێناسی گومرگی دووجار بیربکەنەوە. دەشڵێت، هەموو کات هاوئاهەنگی لە رووبەڕووبوونەوە باشترە. ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی 3ی نیسان واشنتن 25٪ پێناسی گومرگی بخاتە سەر هاوردەی ئۆتۆمبیل و پارچەکانی.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئاداری 2025، دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پەیامێکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نارد و لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەمریکایەکی بەهێز، یەکێتیی ئەورووپایەکی بەهێز و ناتۆیەکی بەهێز نەوەک لاواز، گرنگە بۆ بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمریکا و ئەورووپا".
لەبارەی پێناسی گومرگی ئەمریکا بۆ سەر هاوردەی ئۆتۆمبیل و پارچەکانی، تەسک دەڵێت، "بەڕێز سەرۆک و هاوڕێ ئەمریکییە ئازیزەکانمان بیری لێبکەنەوە، پێش ئەوەی بڕیار لەبارەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر نزیکترین هاوپەیمانەکانتاندا بسەپێنن". تەسک ئامۆژگاری ترەمپ دەکات و دەڵێت، "هەموو کات هاوئاهەنگی لە رووبەڕووبوونەوە باشترە".
ئەمڕۆ حکومەتی وارشۆ رایگەیاند، بایی دوو ملیار دۆلار رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی لۆجستی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکی واژۆکرد. راگەیاندنی رێککەوتنەکە و پەیامەکەی تەسک لەکاتێکدان بڕیارە لە رۆژی چوارشەممەوە بڕیاری ترەمپ بۆ سەپاندنی 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبیل و پارچەکانی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتی بەشێکی هاوپەیمانانی واشنتنی لێکەوتووەتەوە، دیارترینیان یەکێتیی ئەورووپایە، کە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەپاندنی ئەو پێناسانەیان داوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو راپۆرتانەی کە ئاماژە بە کاریگەری پێناسی گومرگی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل لەسەر گرانبوونی ئۆتۆمبیل دەکەن، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، گرانبوونی ئۆتۆمبیل لە بەرژەوەندی کۆمپانیا نێوخۆییەکانیانە.
گوتیشی، "بەلامەوە گرنگ نییە (ئەگەر ئۆتۆمبێل گران بێت). هیوادارم نرخەکان بەرزبکەنەوە، چونکە ئەگەر وابێت، وادەکات خەڵک ئۆتۆمبیلی ئەمریکی بکڕن".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ترەمپ 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبیلدا سەپاند، رۆژی 3ی نیسان بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
فرۆشیارانی ئۆتۆمبیل لە ئەمریکا پێیانوایە پێناسی گومرگی تەنیا ئۆتۆمبێلی هاوردە گران ناکات، بەڵکو ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش گران دەکات.
تۆم بەتمان، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی فۆردە لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا و دەڵێت، "نرخی ئۆتۆمبێل بەرزدەبێتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو پێناسە گومرگییەوەیە. ئەمەش وا لە خەڵک دەکات پێش ئەوەی پێناسەکە بسەپێندرێت هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل بدەن."
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، پێشبینی دەکەن ئەم هەنگاوەیان 100 ملیار دۆلار داهات بخاتە گەنجینەکەیانەوە.
بە گوێرەی شرۆڤەکارانی بانکی ئەمریکا، پێناسی گومرگی بە تێکڕا نرخی هەر ئۆتۆمبیلێکی هاوردەکراو، یان ئۆتۆمبیلێک کە پارچەی هاوردەکراوی تێدابێت، بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار بەرزدەبێتەوە.
تۆم بەتمان دەشڵێت، "دوودڵم سەبارەت بە پێناسی گومرگی. دەتوانم ببینم کە ئەم هەنگاوە سوودەکەی لەکوێدایە و هەڵەکانیشی دەبینم. پێموایە خەڵک باشترە بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو جیهانەدا باشتر بژین".
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، پار لەو وڵاتە 10 ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبیل دروستکران. هەروەها لەو ساڵەدا هەشت ملیۆن ئۆتۆمبیل هاوردەکران و 16 ملیۆن ئۆتۆمبیلی نوێ فرۆشران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ