پووتین پێشنیازی ئیدارەیەکی کاتی بۆ ئۆکراینا دەکات

28-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤلادیمیر پووتین پێشنیاز دەکات ئیدارەیەکی کاتیی لە ئۆکراینا پێکبهێندرێت و ئەرکی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن و واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی بێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی بەندەری مورمانسکی لە باکووری وڵاتەکەی کرد و قسەی بۆ ژمارەیەک دەریاوان و بەرپرسانی بەندەرەکە کرد. 
 
پووتین باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ کرد و گوتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانی هەردوولای بەرەو پێشەوە بردووە.
 
پووتین لەبارەی رەوایەتی پۆستی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "بەدڵنیاییەوە، دەکرێت ئیدارەیەکی کاتی لە ئۆکراینا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، ئەورووپا و هاوبەشەکانمان پێکبهێندرێت."
 
سەرۆکی رووسیا هەروەها رایگەیاند، دەبێت کاری ئیدارە نوێیەکەی ئۆکراینا ئامادەکاری بێت بۆ هەڵبژاردن و دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا واژۆ بکات.
 
ساڵی 2019، زیلینسکی وەکو سەرۆکی ئۆکراینا هەڵبژێردرا و بەڵێنی لەنێوبردنی جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا کە بەنزیک لە رووسیا دادەنران. پار، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بوو، بەڵام بەهۆی یاسای دەسەڵاتی سەربازی و جەنگەوە، نەتوانرا هەڵبژاردن لەو وڵاتە بکرێت. 
 
چەند جارێک بەرپرسانی رووسیا تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی زیلینسکیان لەدژی بەکارهێناوە و رایانگەیاندووە، ئەو چیدیکە سەرۆکی شەرعیی ئۆکراینا نییە. 
 
 گوتەکانی پووتین لەکاتێکدان، رۆژی 25ـی ئەم مانگە، هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی رێککەوتوون ئەو هێرشانە رابگرن کە لە دەریای رەشەوە دەیانکردە سەر یەکدی و هەردوولا پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردووەتەوە کە چیدیکە ژێرخانی وزەی یەکدی بەئامانج نەگرن.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا یارمەتی رووسیا دەدات بۆ ئەوەی هەناردەی کشتوکاڵی دەستپێبکاتەوە، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی رووسیا دەستی بە بەندەرەکانی جیهان بگات و  ئاسانتر بتوانێت مامەڵەکانی رایی بکات. 
 
کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، نێوەندگیری دەکەن بۆ ئەوەی رووسیا و ئۆکراینا ژمارەیەک بارمتە و هاووڵاتیی سڤیل ئاڵوگۆڕ بکەن و ئەو منداڵانە دەگەڕێننەوە ئەو ناوچانەی ئۆکراینا کە رووسیا رایگواستوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڵێن ساڵح، میدیاکاری دیاری کورد لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد.

میدیاکاری کورد بەڵێن ساڵح لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیک کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەڵێن ساڵح، پێشکێشکار لە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا کۆچی دواییکردووە.