رووداو-هەولێر
کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، لە هیندستان دەستی بە دروستکردنی ئایفۆن 14 کردووە، لەکاتێکدا کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەوڵدەدات روو لە چین وەربگێڕێت و زنجیرەی بەبازاڕکردنەکەی فرەچەشن بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆمپانیای ئەپڵ زۆربەی ئایفۆنەکانی لە چین دروستدەکات، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی گرژیی نێوان واشنتن و پەکین، ماوەیەکە کۆمپانیاکە بەشێکی بەرهەمەکانی لە دەرەوەی چین بەرهەمدەهێنێت.
جگە لەوە، رێکارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە چین وایکردووە، بەشێکی کۆمپانیاکان، لەنێویدا ئەپڵ، نەتوانن بەشێوەیەکی بەرفراوان کارەکانیان بکەن.
کۆمپانیای ئەپڵ کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئایفۆن 14ـی راگەیاند، لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات کە زنجیرە مۆبایلەکانی ئایفۆن 14 تەکنەلۆژیای نوێ و "توانای سەلامەتیی گرنگیان تێدایە و خۆشحاڵین کە ئایفۆن 14 لە هیندستان دروستدەکەین".
کۆمپانیای فۆکسکۆن کە بنکەی سەرەکی لە دوورگەی تایوانە و زۆربەی مۆبایلەکانی ئەپڵ دروستدەکات، لە ساڵی 2017ـەوە لە ویلایەتی تامیل نادووی باشووری هیندستان کاردەکات، بەڵام ئەو کۆمپانیایە تەنیا وەشانە کۆنەکانی مۆبایلەکە دروستدەکات.
"مەید ئین ئیندیا"
هاوکات ئێستا ئەپڵ گرەو لەسەر بەرهەمهێنانی نوێترین وەشانی مۆبایلەکەی لەو وڵاتەدا دەکات کە ئایفۆن 14 یە، بەوەش کۆمپانیاکە هەوڵدەدات بەرهەمی خۆی لە هیندستان زیاتر بکات.
کۆمپانیای ئەپڵ بەوە دەناسرێت کە بەرهەمەکانی بەراورد بە بەرهەمی کۆمپانیا چینی و کۆرییەکان گرانترن. ئەوەش بووەتە هۆی هاتنە پێشەوەی ئاڵنگاری بۆ کۆمپانیاکە و قازانجەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەڵام دروستکردنی ئایفۆن 14 لە هیندستان بەو مانایە نایەت کە مۆبایلەکە لەو وڵاتەدا هەرزان دەبێت، ئەوەش بۆ هاوردەکردن و باجی زۆر لەسەر ئەو پێکهاتانە دەگەڕێتەوە کە لە رێگەی لێکدانیانەوە مۆبایلەکەی پێ دروستدەکرێت.
ئەوە راستە کە هیندستانییەکان لەمە بەدواوە کاتێک تەماشای ئایفۆنەکانیان دەکەن، لەسەری نووسراوە "مەید ئین ئیندیا" واتە "ئەم موبایلە لە هیندستان دروستکراوە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بڕێکی زۆر پارە بدەن تاوەکو ئایفۆنەکە بەو وشانەوە بخەنە گیرفانیان.
راگەیاندنی ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئایفۆن لە هیندستان زیادیکردووە، وەکو سەرکەوتنێک بۆ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش دەبیندرێت. هەشت ساڵی رابردوو حکومەتەکەی مۆدی بانگەشەی بۆ بەرهەمی نێوخۆیی بە سیمبولی "مەید ئین ئیندیا" دەکرد بۆ ئەوەی پەرە بە بەرهەمی نێوخۆ و هەناردەکردنی بدات.
دوورەپەرێزی لە ململانێی سیاسی
ئەم راگەیێندراوەی کۆمپانیای ئەپڵ دوایین هەنگاوە بەرەو فرەچەشنکردنی زنجیرەی بەبازاڕکردنەکەی بۆ ئەوەی خۆی لە گرژییەکانی نێوان چین و ئەمریکا سەبارەت بە تایوان و بازرگانی بەدووربگرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا بانکی مۆرگان لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکرد کە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ کۆمپانیای ئەپڵ 5٪ـی بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکانی بگوازێتەوە بۆ هیندستان.
راپۆرتەکە پێشبینی ئەوەشی کرد کە تاوەکو ساڵی 2025 چواریەکی هەموو بەرهەمەکانی ئەپڵ لە هیندستان دروستبکرێن.
جگە لە هیندستان، کۆمپانیای ئەپڵ وەبەرهێنان لە ڤێتنامیش دەکات. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ڤێتنام، ساڵی رابردوو، کۆمپانیای فۆکسکۆن بە بەهای 1.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ڤێتنامدا کردووە. مانگی رابردووش میدیا فەرمیی وڵاتەکە رایگەیاند کە بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیا تایوانییەکەی دروستکردنی ئایفۆن کردووە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی ئایفۆن لەو وڵاتەدا زیادبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ