جیهان
فەرماندە سەربازییەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر لەنێو لایەنگرانیان لە یاریگەی نیامی لە 26ـی 8ـی 2023، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر هەڕەشە دەکات، ئەگەر دەستبەجێ باڵیۆزی فەرەنسا وڵاتەکەیان جێنەهێڵێت، ئەوا هێز لە دژی بەکاردەهێنن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر بە سیلڤان ئیت، باڵیۆزی فەرەنسا دەڵێت "تۆ کێی تاوەکو رەتیبکەیتەوە وڵاتەکەمان جێبێڵیت؟" دەشڵێت "پێویستە خەڵکەکەمان ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا نەخەوێت."
لە هەڵچوونێكی دیکەی گرژییەکانی نێوان سوپای مالی و فەرەنسا کە لە دوای کودەتاکەی 26ـی تەممووزەوە دروستبوون، ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر 48 کاژێری بە باڵیۆزە فەرەنسییەکە دابوو بۆ ئەوەی نەیامی جێبهێڵێت، ئەو وادەیە کاژێر 12:00ـی ئەمشەو تەواو دەبێت و هەتاوەکو ئێستا باڵیۆزە فەرەنسییەکە بەدەم داواکارییەکە نەهاتووە.
وەزارەتی دەرەوەی نەیجەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی "رازینەبوونی باڵیۆزی فەرەنسا لە نەیامی بۆ وەڵامدانەوەی" داواکاریی کۆبوونەوەیەک" لە رۆژی هەینی، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی "هەڵسوکەوتەکانی دیکەی حکومەتی فەرەنسا کە دژی بەرژەوەندییەکانی نەیجەرە،" بڕیاریانداوە دان بە سیلڤان ئیتدا نەنێت و "داوای لێ بکات لە ماوەی 48 کاژێردا خاکی نەیجەر جێبێڵێت."
دوای ئەوەی کودەتایان بەسەر محەممەد بازووم، سەرۆکی هەڵبژێردراودا کرد، سەرکردەکانی کودەتاکە هۆشدارییان بە فەرەنسا دا کە خۆی لە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی نەیجەر بەدووربگرن. هەروەها دوای ئەوەی سنووریان داخست، فڕۆکەیەکی سەربازیی فەرەنسا لە فڕۆکەخانەی نەیامیی نێودەوڵەتی نیشتەوە، ئەوەش ناڕەزایی توندی سوپای نەیجەری لێ کەوتەوە و بە پێشێلکاری ناویانبرد.
بەهۆی شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکە لایەنگرەکەی فەرەنسا و رۆژئاوا بۆ سەر کورسیی دەسەڵاتی نەیجەر، تادێت ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەنێوان سوپای نەیجەر و وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقای هاوپەیمانی پاریس زیاتر دەبێت.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، نەیامی، بۆماکۆ و واگادۆگۆ رایانگەیاند، ئەگەر هێرشەکە روویدا، نەیامی رێگە بە سوپاکانی بۆرکینا فاسۆ و مالی دەدات هێزەکانی بنێرێتە نەیجەر، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێداگریی سوپای نەیجەر لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گوشارە هەرێمییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ