رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بە گەڕانەوە بۆ چوار سەرچاوە دەڵێت، ئەو فڕۆکە ئازەربایجانییەی رۆژی چوارشەممە تێکشکا و 38 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیاوە خراوەتە خوارەوە.
فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە لە باکووی پایتەختی ئازەربایجانەوە بەرەو شاری گرۆزنیی رووسیا بەڕێککەوتبوو و لە نیوەی رێگەدا رێڕەوی خۆی گۆڕی.
بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە شاری ئەکتاوی کازخستانەوە، لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوەی ناچاری، دوای تێپەڕبوونی بەسەر دەریای قەزویندا، فڕۆکەکە کەوتەخوارەوە و تۆپەڵێک گڕی گەورەی لێ بەرزبووەوە.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئازەربایجانەوە بە پێگەی یۆرۆنیوزی راگەیاندووە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەریخستووە، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر شاری گرۆزنی، مووشەکی رووسیی زەوی بە ئاسمان گیراوەتە فڕۆکەکە، لە نزیک فڕۆکەکە تەقیوەتەوە و ساچمەکانی بەر کەوتوون.
بەڵام کرێملن ئەمڕۆ دژی بڵاوکردنەوەی "گریمانە" لە بارەی رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکە، هۆشداریدا.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کارێکی هەڵەیە پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، گریمانەی بۆ بکرێت."
فڕۆکەکە لە جۆری ئێمبرەیر 190 بوو و 67 کەسی تێدا بوو. 38یان گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکە بە برینداری رزگاریانبوو.
یووری پۆدۆلیاکا، شارەزای سەربازیی رووسیا نووسیویەتی، ئەو کونانەی لەسەر لاشەی فڕۆکەکەن، هاوشێوەی ئەوانەن کە لە ئەنجامی تەقینەوەی مووشەکی دژە فڕۆکە دروست دەبن.
هەروەها پسپۆڕێکی پێشووی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی رووداوی فڕۆکەوانیی فەرەنسی (BEA) گوتی، وادیارە "زۆر ساچمە" بەر لاشەی فڕۆکەکە کەوتوون.
ئەو کەسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو زیانەی بەر فڕۆکەکە کەوتووە، هاوشێوەی ئەو زیانەیە کە بەر فڕۆکەی MH17ی مالیزیا کەوتبوو، کە ساڵی 2014 بە مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری رووسیا لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا خرایە خوارەوە.
کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی ئازەربایجان کە خاوەنی فڕۆکەکەیە، سەرەتا رایگەیاندبوو، فڕۆکەکە خۆی بە رەوە باڵندەیەکدا کێشاوە، بەڵام دواتر دەستبەرداری ئەو لێکدانەوەیە بوو.
سێ لەو 29 کەسەی کە رزگاریان بووە منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ