رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بمێننەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەگەری کشانەوەیان، "تورکەکان کوردەکان کۆمەڵکوژ دەکەن".
جەیمس لانکفۆرد، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا نزیکەی 100 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەکانی داعش. ژمارەیەک ئەمریکی نازانن کە ئەمریکا هێشتا شەڕ دژی تیرۆر و داعش بەتایبەت لەو ناوچەیە دەکات. هەزاران زیندانی داعش لە زیندانەکانی ئەو ناوچەیە هەن کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. بۆیە ئەو ناوچەیە زۆر گرنگە."
کەمپی هۆل سەرووی 18 هەزار ژن و 22 هەزار منداڵی داعشی تێدایە. زیاتر لە 10 هەزار چەکداری پێشووی داعشیش لە چەند زیندانێكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، "ئاڵنگارییەکە ئەوەیە کە تورکەکان کوردەکان بە تیرۆریست دادەنێن و لە شەڕێکی بەردەوامدان لەگەڵیان. ئەوان چەند جارێک سنووریان بەزاندووە و لە تورکیاوە چوونەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئەوەی بتوانن پەلاماریان بدەن."
لە ساڵانی 2016 بۆ 2019 تورکیا و گرووپە نزیکەکانی بە سێ ئۆپەراسیۆن هێرشیان کردە سەر باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان. نزیکەی حەوت هەزار کیلۆمەتر دووجای ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکردووە.
لانکفۆرد ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر ئەمریکا (لە سووریا) بکشێتەوە، ئەوا ژمارەی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە زیاد دەکات. هەروەها، تورکەکان کوردەکان کۆمەڵکوژ دەکەن."
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، دەسەڵاتی ئەسەد رووخا. دوای ئەوە، ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتان سەردانی سووریایان کرد و حکومەتی کاتی لەو وڵاتە تاوەکو ئاداری داهاتوو پێکهات.
گەورەترین نیگەرانیی ئەمنیی ئەمریکا لەو وڵاتە چەکدارانی داعشن، بەڵام بۆ تورکیا هێزە کوردییەکانی رۆژئاوان، بەتایبەت پەیەدە کە پێی وایە لە پەکەکەوە نزیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ