رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەسەر ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێکبکەون.
کایا کاڵاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025 پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێکبکەون.
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتیشی، "روونە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین؛ بۆیە بە هەڵگرتنی هەندێک سزا دەستپێدەکەین، ئەوانیش پێویستن بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکە، دواتر ئەگەر بینیمان هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی ئەرێنی دەڕۆن، ئێمەش ئامادە دەبین هەنگاوی دیکە بنێین."
هاوکات مارگس تساکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە سووریا روویدا گرنگ بوو، چونکە ئەو ئاماژەیەی دەرخست کە دەکرێت کۆتایی بە دەسەڵاتی "دیکتاتۆرییەت" بهێندرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا لە کاتی قسەکردن بۆ پەیامنێران کە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو، ئاماژەی بەوە کرد، "چاوەڕوان دەکەین پرۆسەی دیموکراسی لەو وڵاتە بەرەو پێش بچێت و خەڵکی سووریاش داهاتوویەکی خۆشگوزەرانیان دەبێت. ئێمە تاوتوێی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا دەکەین؛ هەروەها تاوتوێی ئەوە دەکەین چۆن لەو رووەوە هاوکاری سووریا بین."
هاوکات بایبا برازێ، وەزیری دەرەوەی لاتڤیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا باس لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش دۆخی سووریا دەکەن.
وەزیری دەرەوەی لاتڤیا رایگەیاند، باسی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلیش دەکەن. باسی لەوەش کرد، "هەندێک پێشهات لە غەززە هاتوونەتە ئاراوە پێشوازیان لێدەکەین، لەوانە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان. هەست بە نیگەرانییەکی قووڵ بەرامبەر کردەوەکانی حەماس دەکەم، بەتایبەتی ئەو نمایشەی دەیکەن. ئاگربەستی لوبنانیش بەردەوامە، بەڵام هێشتا هەندێک پرس ماون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ